وەزیری ناوخۆی سووریا پوچەڵکردنەوەی هەوڵێکی کودەتای راگەیاند

وەزیری ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سووریا توانیویانە پیلانی کودەتایەک پوچەڵبکەنەوە، کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەری دەسەڵاتی پێشووەوە داڕێژرابوو دژبە حکومەتی ئێستای سووریا و سەرۆکەکەی.
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، توانیویانە پیلانی کودەتایەکی سەربازی، لەلایەن ئەفسەرانی پێشووی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە پوچەڵبکەنەوە.
گوتیشی "ئێستا ئەوە شکستی هێناوە و بووە بە رابردوو".
خەتاب ناو و زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو ئەفسەرانەی سوپای پێشوو نەخستەڕوو، کە هەوڵی کودەتاکەیان داوە، بەڵام گوتی، وەزارەتەکەی بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو هەوڵەیان پوچەڵکردووەتەوە.
وەزیری ناوخۆی سووریا گوتی، دەستیانکردووە بە نوێکردنەوەی زانیارییەکان و پێداچوونەوە، بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەوانەی لە یاسا لایانداوە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە.