پارتی دەم داوا دەکات یاسا بۆ چەکدانانی پەکەکە دەربکرێت

test
لۆگۆی پارتی دەم

لەگەڵ ئاشکراکردنی پەیامەکەیدا رێبەری پەکەکە بە زارەکی بە شاندی ئیمراڵیی راگەیاندووە، پێویستە رەهەندی یاسایی دەستەبەربکرێت تاوەکو چەکدانان بەکردەیی جێبەجێبکرێت.

رۆژی 27ـی شوباتی 2025 شاندی ئیمراڵی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکەی خوێندەوە.

سڕی سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی  گوتی، "دەمانەوێت تێبینییەکی جەنابیان باسبکەین، کە دەڵێت کاتێک باسی ئەم روانگەیە دەکەین، بێگومان بۆ ئەوەی بە کردەیی چەک دابنرێت، پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە پێویستی بە ناساندنی سیاسەتی دیموکراتیی و رەهەندی یاسایی هەیە".

پاش 50 رۆژی تەواو، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم، رەخنەی لە دەسەڵات گرت، کە "هیچ" هەنگاوێکی نەناوە.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لەوبارەیەوە گوتی، "دەرکردنی یاسایەک سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە، خێراکردنی کارەکانی پەیوەست بە پرۆژەیاسای ئاشتی و گواستنەوە بۆ دیموکراسییەت و پشتیوانیکردنی لەلایەن هەموو فراکسیۆنەکانەوە. ئەگەر وەک یەکەم هەنگاو ئەو کارانە بکرێت، خەڵک ئاسوودە دەبێت و وردە وردە نیگەرانییەکانیان دەڕەوێتەوە".

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل، کە پارتەکەی لە چەندین راپرسیی یەک لەدوای یەکی ئەمدواییەدا و لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 31ی ئازاری 2024یشدا دەنگی زیاتری لە ئاکپارتی هێناوە، بە پێویستی دەزانێت کێشەی کورد لەڕەگەوە و لەڕێگەی پەرلەمانەوە چارەسەربکرێت.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی کورد خۆی بڵێت کێشەمان هەیە، ئێمەش دەڵێین کێشەی کورد هەیە. چارەسەری ئەو کێشەیەش لە ئەستۆی هەمووماندایە. چارەسەری کێشەی تیرۆر بە کرانەوەی دیموکراسییانە دەبێت، زەمینەی دروستیش بۆ ئەو کارە، پەرلەمانە کە تیایدا بە ئاشکرا کار بکرێت و هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت".

هەرچی پارتی سەعادەتە، کە یەکێکە لە پارتە دیارەکانی تورکیا و لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنە، لەرێگەی سەرۆکی پارتەکەوە باسکردنی رەهەندی یاسایی بە دیفاکتۆ ناودەبات.

مەحمود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، "گوتەکانی پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری پارتی دەم، بووەتەهۆی ناڕوونیی جددیی و سەرلێشێوان لەبارەی پرۆسەکە، کە دەڵێت، تاوتوێی ئەو هەنگاوانەیان لەگەڵ ئەردۆغان کردووە، کە دەهاوێژرێن و باسی ئەو یاسایانەی کردووە، دەردەکرێن، ئەمە زیاتر لە لێدوانێک، هەستی بوونی دیفاکتۆیەک دەدات".

سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، دەسەڵات زۆری بۆ هاتووە و  وردە وردە باس لە رێکخستنەوەی یاسایی و گۆڕانکارییە یاساییەکان دەکات، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵیش دەڵێت، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران پرۆسەکە بە ئەنجام دەگات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی ئامادەکاریی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا نابینرێت.