ئیسرائیل 30%ـی غەززەی وەکو ناوچەیەکی دابڕێنراو راگەیاند

بەرلەوەی هەوڵی نێوەندگرەکان بۆ ئاگربەست بگاتە ئەنجام، سوپای ئیسرائیل گۆڕینی 30%ـی خاکی غەززەی بۆ ناوچەیەکی دابڕێنراو لە کەرتەکە راگەیاند.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان و رێگرییان لە تێپەڕینی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەرتە وێرانە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 30%ـی کەرتی غەززە، وەکو پشتێنەیەکی ئەمنیی بەرگریی پێشکەوتوو بەکاردەهێنن.
ئەوەش دوای سەردانێکی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هات بۆ غەززە و لەوێوە نەتانیاهوو بەردەوامیدان بە هێرشەکانیانی دژ بە حەماسی راگەیاند.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، من لێرەم لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندە سەربازی و سەربازەکانمان. ئەوان کارێکی نایاب لە کەرتی غەززە ئەنجامدەدەن، بۆ بەئامانجگرتنی دوژمن و حەماس، ئێمە بڕیارمانداوە، هێرش لەدوای هێرش، بەردەوامبین لە بەئامانجگرتنیان، تاوەکو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین و هەموو ئامانجەکانی شەڕەکەمان بەدەستدەهێنین".
سەرەڕای قەیرانی سەختی مرۆیی لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل بەردەوامیدانی بە رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتەکە راگەیاند، بە گوێرەی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، شەڕی 18 مانگەی ئیسرائیل و حەماس شێوەی ئەو کەرتەی بۆ "گۆڕستانێکی بەکۆمەڵ" گۆڕیوە.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە دوای 18ی ئازار و هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەوە، سوپاکە نزیکەی هەزار و 200 بۆردومانی ئاسمانی و زیاتر لە 100 ئۆپەراسیۆنی کیوماڵکارییان بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس لە غەززە ئەنجامداوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست لە 18ی ئازارەوە، 500 هەزار هاوڵاتی لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون.
لە ماوەی 18 مانگ شەڕدا لە غەززە، نزیکەی سەرجەم دانیشتووانی غەززە ناچاربوون زیاتر لە جارێک هەڵبێن، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 51 هەزار فەڵەستینی کوژراون، کە زۆرینەیان سڤیلن، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستیشەوە، لانیکەم هەزار و 625 کەس کوژراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ دووبارە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، هێشتا نەگەیشتوون بە ئەنجام.
رۆژی 19ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە 18ی ئازار هەڵوەشایەوە، لەو ماوەدا 25 بارمتەی زیندوو ئازادکران و تەرمی هەشتی دیکەش گەڕێنرانەوە بۆ ئیسرائیل، لەبەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی هەزار و 800 زیندانیی فەڵەستینی، کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دەستبەسەربوون.