خەتیبزادە: چەکى ئەتۆممان نییە و نامانەوێت بەدەستیبهێنین

سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، پرۆگرامێکی ئاشتیخوازانەیە و لەلایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمەوە ئەو بابەتە پشتڕاستکراوەتەوە.
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیرى دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەکی تایبەتدا لە ستۆدیۆی کەناڵ8 لە نۆیەمین دیداری سلێمانی دا گوتی، "بە فەتوای عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، هەر هەوڵێک یان تاقیکردنەوە یاخود بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی حەرامکراوە".
"سووریا لەلایەن تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە داگیرکراوە"
جێگری وەزیرى دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، سووریا لەلایەن هەریەک لە تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و هیچ وڵاتێکی داگیرکراویش سەرکەوتن و گەشەسەندن بەخۆیەوە نابینێت.
سەعید خەتیبزادە لەو دیمانەیەی کەناڵ8دا ئەوەشی راگەیاند، بەشێکی زۆری سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و ئێستا ئیسرائیل لە سنووری دیمەشقدایە و ئایندەی هاوڵاتییانی سووریا، کەوتووەتە دەست ئەو داگیرکارانە.