دەقی تەواوی دیدارە تایبەتەکەی سەعید خەتیبزادە لەگەڵ کەناڵ8

کەناڵ8 لە بەردەوامیی دیدارەکانی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رێکخست. دەقی تەواوی دیدارەکە لە خوارە بخوێنەرەوە:
بینەری کەناڵ8 سڵاو، لە نۆیەمین دیداری سلێمانیم لە زانکۆی ئەمریکی، ژماریەک کەسایەتیی گرنگ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە لە دیدارەکەدان بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و هەروەها ئەو گیروگرفتانەی لەسەر ئاستی جیهان هەن و کاریگەریی لەسەر زۆر وڵات دەکات.
یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە ناوچەکەدا میوانمە ئەویش بەڕێز سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانە لە ستۆدیۆکانمان لە کەناڵ8 ئامادەیە.
کەناڵ8: سوپاس بەڕێز سەعید کە میوانی کەناڵ8یت، دەمەوێت پرسیارێک لەو بارەیەوە بکەم، کە ئێستا بەڕێزتان لە سلێمانین، پەیوەندیەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێران چۆنە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران؟
سەعید خەتیبزادە: زۆر مەمنونم بۆ ئەم میواندارییە، سوپاس بۆ ئەم کاتە بە ئێمەتان بەخشى بۆ ئەم گفتوگۆیە، ئەوەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران لەساڵانى رابردوو هەبووە، پەیوەندییەکى زۆر نزیک بووە، برایانی ئێمە لە هەرێمى کوردستان زیاتر بوون لە دراوسێیەک بۆ ئێمە، ئێمە یەک ماڵین، هەم کولتورین، لە زۆرێک لە ناوچەکان هاوزمانین، پەیوەندییەکان لە بەرزترین ئاست لە بوارى سیاسی خۆى دەبینێتەوە، سەردانى بەڕێز سەرۆککۆمارى ئێران بەڕێز پزیشکیان لەم دواییە بۆ هەرێمى کوردستان خاڵێکى زۆر گرنگ بوو بۆ پەیوەندییەکانمان.
هەروەها دەرفەتى ئامادەبونى بەڕێزیان کە یەکمجاربوو گرنگ بوو، لە ماوەى دوو مانگى رابردوو کە من لەم پێگەیە دەستبەکاربووم دووجار سەردانى هەرێمی کوردستانم کردووە، جارێک بۆ هەولێر و ئێستاش بۆ سلێمانى.
لەناو هاوڵاتییانیش پەیوەندییەکى خزمایەتى هەیە پەیوەندى خوێنییە، هیچ بۆشاییەک لەنێوان هاوڵاتییانى هەردوو وڵات نییە، هیچ شتێک لە پشت پەیوەندییەکان نییە کە ببێتە هۆى جیاوازى و ناکۆکى لەنێوان هاوڵاتییانى هەردوو وڵات، ئەو دەروازەى لەنێوان سنوورەکانمان هەیە تەنها هێڵێکى جیاکەرەوەیە ئێمە بەوشێوەیە نایبینین جیاوازبێت.
بەڵکو هەردوو میللەت، هەم عێراق، هەم ئێران هەم هەرێمى کوردستان و هەروەها کوردستان و ئێران پەیوەندییەکانیان زۆر پتەوە.
کەناڵ8: ئێستا ئەوەی کە لەسەر ئاستی جیهان دەگوزەرێت چاوەکان دانوستان و رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکایە. گەڕێکی دانوستانەکان بەڕێوەچووە و شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ئێستا دانوستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە چ ئاستێکدایە، ئایا هیچ رێککەوتنێک دەکرێت؟
سەعید خەتیبزادە: شاراوەنییە کە ئێستا کۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ ئەمریکا بەشێوەى ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەکەن، ئەوەى ئێستا لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا هەیە، ئێمە بەتەواوکەرى ئەو پرۆسەیە ناوى دەبەین، کە لە ساڵى 2013 بۆ 2015 لە ئارادابوو، وە لە دانوستانێکى زۆر جدیدابووین، کە گەیشتین بە رێککەوتنێکى نێودەڵەتى، کە ئەنجومەنى ئاسایشى سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبڕیارى 2231بەکۆى دەنگ پەسەندى کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتى دەستبەکاربوونى یەکەم خولى بەڕێز ترەمپ، ئەمریکا بەشێوەیى تاکلایەنە و نایاسایی لە بەڵێنەکانى خۆى کشایەوە، لەبرى ئەوەى کە سزاکان هەڵبگرێت وەک لە رێککەوتنەکە هەبوو وە پابەندبێت، زیاتر لە چەند تڕلیۆنێک دۆلار زیانى پێگەیاندین، وە دەرد و ئازاری زۆرى بۆ خەڵکى ئێران درووستکرد.
وە لەهەمووى گرنگتر پرسی متمانەنەبوونی زیاتر تێکدا، وە پیشانیدا ئەوان جێگەى متمانەى ئەو هەموو گفتوگۆیانەى کە پێشتر هەمانبوو تا ئەمڕۆ نەبووە.
بەهەرحاڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە دیپلۆماسییانە مامەڵە دەکات، وە لەگەڵ رێگەى گفتوگۆ و دیالۆگ بووە بەردەوام.
بەڕێز ترەمپ لە خولى دووەم کە هەڵبژێردرا بە شێوەیەکی جیاواز رووی لە ئێران کرد بۆ گفتوگۆکردن، بەڵام دواتر بە ناردنى نامەیەک هەڵوێستەکانی نرمتر کرد و بابەتەکانى خۆى خستەڕوو، بابەتەکانى دیاریکرد، داواى گفتوگۆیکرد، ئێرانیش بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ قبوڵیکرد، پێشنیازى کرد لە عومان کە وڵاتێکى ناوچەکەیە بەشێویەکى ناڕاستەوخۆ گفتوگۆبکات و لە نیازى لایەنى بەرامبەر تێبگات، کە ئەمجارە ئەمریکا کارنامەى بونیادنەرى هەبێت بۆ رێککەوتن نەوەک وەهمبێت.
وە دواتر گروپەکانى دژ بە ئێران چ لە ئەمریکا یان لە ئیسرائیل نەڵێن ئێران نەهاتوە بۆ گفتوگۆ.
کۆمارى ئیسلامیى ئێران زۆر پابەندە بە گەیشتن رێککەوتن لە کاتێکى کەمدا، بۆ ئەوەى؛
یەکەم، هەڵگرتنى نیگەرانی لە دەنگۆکان ئەگەر لایەنى بەرامبەر هەیبێت.
دووەمیش هەڵگرتنى سزاکان بەشێوەی کردارى دەبێت رووبدات، لەم چوارچێوەیە ئەگەر لایەنى ئەمریکا پابەندبێت، من پێموایە کە دەتوانن لە کاتێکى گونجاودا رێککەوتن یان بگەین بە چوارچێوەیەکى لێکتێگەیشتن.
کەناڵ8: کەواتە ئەمجارە لە دانوستانەکانتان لەگەڵ ئەمریکا، مەرجەکانی ئێران بە دیاریکراوی چییە؟
سەعید خەتیبزادە: وە لائێمە، ئەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەیڵێت رێککەوتنێکى مەنتیقییە، مەرجێک کە دەتوانێت ئێمە بگەیەنێت بە رێککەوتنێکى گشتگیر، لەگەڵ ئەمریکا.
خاڵى سوور کە گفتوگۆکان ناگرێتەوە، لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێران. میکانیزمەکانى بەرگریى کۆمارى ئیسلامى ئێران ، میکانیزمى هەر پرۆژەیەک کە هەروڵاتێک مافیەتى هەیبێت.
ئەوانە ئەو بابەتانەن کە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە روونى بۆ لایەنى بەرامبەر ئاشکرایکردووە کە هیچ کات هیچ وڵاتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى خۆى. چ بگات بەوەى کە ئێران دێریتنترین مێژووی مرۆڤایەتیى هەیە. هەزاران ساڵە لێرەبووە، لەسەربنەماى ئەوە، شایەن بوون و بەهێزى لە توانای مێژوویی خۆى دەزانێت.
جگەلەوە هێزى رواڵەتى ئاسایی کۆمارى ئیسلامى ئێران شایەنبوونى خۆى دەزانێت ئاڵنگارى بۆ بابەتەکان دەزانێت، ئێمە بۆ لایەنى بەرامبەر روونمانکردەوە کە دەتوانین لەسەر چ بابەتێک قسە و گفتوگۆبکەین، کە ئێستا باسمکرد.
پرسی هەڵگرتنى سزاکانە
پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانى ئێران
وە لەسەر ئەو بابەتانەى کە ئێمە ناتوانین بەهیچ جۆرێک گفتوگۆى لەسەر بکەین
لەوانە ،
لەناوبردنى پرۆگرامى ئەتۆمیى ئێران
گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی سیستمى بەرگریى ئێران
یان بابەتى پەیوەندیدار بە ئەمنی قەومیى ئێران
ئێران وەک وڵاتێکى بەرپرس پێشنیازى هەیە بەرپرسیاریەتییەکانیش تا ئەندازەى خۆى لە چوارچێوەى یاساى نەتەوەیەکگرتووەکان پابەندە.
کەناڵ8: ئێوە وەک ئێران گەیشتونەتە چ قۆناغێک لە پیتاندنی یۆرانیۆم؟ ئەو دڵنیاییە چۆن دەتوانن بدەنە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، کە ئێران مەبەستی نییە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی؟
سەعید خەتیبزادە: سەیربکەن ئەوە تەنها ئێران نییە کە دەڵێت ئێمە چەکى ئەتۆممان نییە و نامانەوێت بە دەستى بهێنین، ئاژانسی وزەى نێودەوڵەتیش ئەوەى گوتوە. کە پڕۆگرامى ئێران پڕۆگرامێکی ئاشتیخوازانەیە.
ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و لێکۆڵەرەوەکان لەم هەفتە و هەفتەى پێشتر راگەیەندراوێکیان هەبووە کە هیچ پڕۆژەیەکى چەکى ئەتۆیمى ئێران بوونى نییە.
بەڵکو ئەوە رژێمى ئیسرائیلە، کە پابەندى رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان نییە و ئەوەى تا ئێستا ئاشکرایکردووە سەدان کڵاوەى ئەتۆمیى هەیە، رژێمێکە کە سەدان جەنگى خوێناویى لەم ناوچەیە درووستکردووە، دەکوژێت، وە هاوپەیمانیى ویلایەتە یەکگرتووەکانە، وەهیچ وڵاتێک چاودێریى ناکات لەکارەکانى، وە ئەمریکا باشتر لە هەر لایەن و وڵاتێکى دیکە دەزانێت کە کۆمارى ئیسلامیى ئێران هیچ کاتێک بەو ئاڕاستەیە نەجوڵاوە.
لەبیرمەکەن ئێران، یەکێکە لە ئەندامانى ئاژانسی وزەى نێودەڵەتیی ئەتۆم، ئێران بەشێکى سەرەکییە لە رێککەوتنى رێگرى لە بڵاوبونەوەى هێزى ناوەکییە، ئێن پی تى، ئێران وڵاتێکە کە زۆرترین چاودێریى نێودەوڵەتیى بەدرێژایی مێژووى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى هەبووە. بەبێ ئەوەى زەڕەیەک کێشەى هەبێت.هیچ وڵاتێک بەئەندازەى ئێران چاودێرى نەکراوە.
بەڵام لە چوارچێوەى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێران نایەوێت حیسابی تایبەتى بۆ بکرێت، ئێران بەو پێیەى، کە وڵاتێکى مێژوویی و گرنگە، کە پێشتر گوتم لەوەڵامى پێشتر دا، هەم پێشنیازى خۆى دەزانێت وە هەم بەرپرسیارییەتیى خۆى دەزانێت وەک وڵاتێک ئامادەنییە هەژمونى هیچ وڵاتێک بەسەر خۆیەوە ببینێت، چ بگات بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە دەستى بە خوێنى هەمووان سوورە، کە چەکى ئەتۆمیى هەیە، ئەندامى ئێن پی تى نییە، مەبەستم ئیسرائیلە.
وە من لێرەوە بۆ رێزێک بۆ ئێوە و کەناڵەکەتان وەڵامى ئەم پرسیارە بەشێوەیەکى دیکەش دەدەمەوە.
ئەوەش ئەوەیە کە کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە سەرانى نەتەوەیەکگرتووەکانى گوتوە، وە بەڵگەی لەوێ داناوە، لەسەر فەتواى بەڕێز ئایەتوڵڵا خامنەیی، هەر هەوڵێکى بەدەستگەیشتن، یان لێى نزیک بوونەوە، یان تاقیکردنەوە، یان هەرجۆرە چەکێکى کۆمەڵکوژ بەرزتر لە چەکى ئەتۆمیش حەرامە، گرنگتر لەوە کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە چوارچێوەى ئێن پی تى قبوڵى چاودێرەکانى کردووە، لە بەشی بەرگریکردن هیچ کات شوێنى نەبووە، وە ئێمە دەزانین کە ئەوە چەکى ئەتۆمیى نییە کە ئەمنییەت بەرقەرار دەکات، بەڵکو سەقامگێری دەبێت لە ناوەوە بکرێت.
ئەمڕۆ ئەدەبیاتی دژ بە بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژی بە شێوەیکی ترە ئەوانەى کە ئاگادارن لەم قسەی من تێدەگەن.
کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەیی هەبوزە بۆ هەرجۆرە پشکنینێک لەچوارچێوەى یاساى نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبەرامبەر هەڵگرتنى سزاکان، کارە زاڵمانەکانى ئەمریکا، بە بەئامانجگرتنى هاوڵاتییانى ئێران، کە بەرنامە بۆ دارێژراوە.
کەناڵ8: باست لە ئیسرائیل کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام باس لە ئەوە دەکەن کە هەندێک گرووپی چەکدار لە وڵاتەکانی وەک عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن، ئێران هاوکارییان دەکات و ئەو گرووپانە هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئایا گفتوگۆ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەن یا دڵنیاییدراوە کە ئێران پەیوەندی بە ئەو گرووپانەوە نییە؟
سەعید خەتیبزادە: سەیربکەن، مقاوەمە بەرلە کۆمارى ئیسلامیى ئێران هەبووە، وە مقاوەمە تا ئەوکاتەى داگیرکاری هەبێت دەمێنێت، ئێوە لەبیرتانبێت، کاتێک جەنگى 1981 لە لوبنان دروستبوو، حیزبولڵا دروستبوو، واتە تا پێش دەستدرێژییەکەی ئیسرائیل حیزبۆڵڵا بوونی نەبوو، حیزبوڵڵا وەڵامی خەڵکی لوبنان بە دەستدرێژی و داگیرکاریی ئیسرائیل بوو. تاوەکو داگیرکاری هەبێت مقاوەمەتیش دەبێت.
کۆمارى ئیسلامیى ئێران شانازى دەکات لەوەى، کە لەبریى وەستان لەگەڵ زاڵم لەگەڵ مەزڵوم وەستاوە، لەبریى ئەوەى، کە لەگەڵ بکوژ بوەستێت لەگەڵ کوژراوەکانە، لەبریى ئەوەى لەگەڵ جەلاد بێت کە رۆژانە بە سەدان کەس دەکوژن و مرۆڤە بێگوناهەکان لەناودەبن، لەغەززە، دەکوژرێن، دەمەوێت ئەوەتان بۆ روونبکەمەوە کە ئەمە تێگەیشتنە لە ناوچەکە، مادام بەدکار هەیە بەرەى بەرگریش هەیە، دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەوەبزانێت و بەلاوەى بنێت، وەدەبێت راستیى ناوچەکە بزانێت، ئەوپارە زۆرە دەنێرێت بۆ ناوچەکە، ئەوچەکانەى دەیدات بە ئیسرائیل، ئەوانە رابگرێت، وە بتوانین ئارامییەکى باش لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدەستبێنین.
گفتوگۆکانى ئێمە درێژەى کێشا بەڵام ئەوە لەبیرنەکەین کە گۆڕانکارى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئارادایە، لەم گۆڕانکارییە ئێمە ئەوەدەبینین کە ئیسرائیل بە هاوکاریى ئەمریکا و لایەنى دیکە، دەیانەوێت هەژمونێکى نوێ لەسەر بنەمای داگیرکاری و گۆڕانکارى لە ناوچەکە دروستبکەن، ئەوە ئەوشتەیە، کە هەموو وڵاتانى ناوچەکە دەبێت بیزانن، ئارامییەکى دەمێنێتەوە، کە لەسەربنەماى ناوخۆیی بێت و خەڵکى فەڵەستین بتوانن لەسەر زەویى خۆیان وڵاتێکى سەربەخۆیان هەبێت.
کەناڵ8: دەمەوێت دوایین پرسیار ئەوەبێت کە بۆچوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی سووریاوە چییە و هەروەها لەبارەی رێککەوتنی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سەرۆکی راگوزەری سوریا ئەحمەد شەرع؟
سەعید خەتیبزادە: سەیربکەن ئەوەى لە سووریا روویدا، کۆمارى ئیسلامى ئێران هەوڵى داوە، کە بەریەککەوتنى لەگەڵ نەبێت، بەداخەوە ئەودۆخەى ئێستاى سووریا، نیگەرانییەکانى ئێمەى کەم نەکردووەتەوە، ئێستا خەڵکى سووریا دووچارى داگیرکراى بووە، بەشێک لەلایەن ئەمریکاوە داگیرکراوە، بەشێکیان لەلایەن تورکیاوە، بەشێکى زۆرى دیکەشیان ئیسرائیلە، کە بەرزاییەکانى جۆلانى بەتەواوى داگیرکردووە، لە 40 کیلۆمەتریی دیمەشقدایە، ئێوە لە ئێمە زیاتر دەزانن، کە هیچ وڵاتێک لە ژێر داگیرکاری، سەرکەوتوونابێت، هیچ هاوڵاتییەک لە ژێر داگیرکردن ئارام نابن، هیچ ئابوورییەکى داگیرکراو ناگەشێتەوە، کام سەرمایەدار دێت لە 40 کیلۆمەتریى سوپاى ئیسرائیل وەبەرهێنان بکات، بەداخەوە ئایندەى سووریا کەوتووەتە دەست ئەم داگیرکارییە، ئێمە هیوادارین کە حکومەتێکی فرەچەشن بەرێزگرتن لە پێکهاتەکان بێت، خۆی بەدور بگرێت لەو سەردەمەی کە تەحرئر شام هەبوو، من هیوادارم کە دەوڵەتى سووریا بچێتە ناو بنەماى دەوڵەتێکى مرۆیی، وەبتوانێت کە ببێتە جێگاى رەزامەندى خەڵکەکەى.
ئێمە وەکو کۆمارى ئیسلامى ئێران، دوورتر وەستاوین وە هەر هاوکارییەک بۆ خەڵکى سووریا هەبێت ئێمە ئامادەین.
وە هیوادارین ئەم دەرفەتە مێژووییە کە ئێستا کەسانێک لە لوتکەى دەسەڵاتن ئاگاداریبن، لەبرى ئەوەى بەدواى نمایشى خۆیان بن، داواکاریى خەڵکى سووریا جێبەجێکەن، ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەپاڵ خەڵکى سووریا دەمێنینەوە.
کەناڵ8: بەڕێز سەعید خەتیبزادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە میوانی کەناڵ8 بوویت زۆر سوپاس کەکاتی خۆت پێبەخشین.
سەعید خەتیبزادە: سوپاس بۆ ئێوەش کە میوانداریى ئێمەتانکرد.