عێراقچی: لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دژبە یەکن

test
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کرد لە هەڵویست و گوتارە دژبەیەکەکانیان بوەستن و گوتی، ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە پرۆسەی دانوستانەکان ناکات.

ئەم قسەی عێراقچی وەک وەڵامێک بۆ دوایین لێدوانی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا هات، کە  دوایین مەرجی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکراکرد و گوتی، ئەوکاتە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەگاتە ئەنجام، تاران بەتەواوی دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت.

عێراقچی گوتیشی، بابەتی پیتاندنی یۆرانێوم گفتوگۆ هەڵناگرێت و لەوبارەوە پێویستیان بە هەڵوێستی روون و جدیی بەرپرسانی ئەمریکا هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ئەگەر ئەمریکا بە هەڵوێستی بنیادنەرانە بێنە دانوستانەوە ئەوا دەتوانن لەبارەی رێککەوتنەوە گفتوگۆ بکەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ئەوەی کە روونە بە دڵنیاییەوە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم بابەتێکی راستەقینەیە، ئامادەشین لەسەر ئەو بنەمایە متمانە دروستبکەین و پێکەوەش چارەسەری گونجاو بۆ نیگەرانییەکان بدۆزینەوە، بەڵام  پیتاندنی یۆرانێۆم گفتوگۆ هەڵناگرێت، وەک باسم کرد، لەم ماوەیەدا هەڵوێستی ناکۆک و دژبەیەکمان بیستووە، بەڕێز ویتکۆف چەندین لێدوانی جیاوازی داوە، هەڵوێستە راستەقینەکان لەسەر مێزی دانوستان بەدەر دەکەوێت".

ئەوەشی گوت، "بە بۆچوونی من ئەمجۆرە هەنگاوانە یارمەتیدەر نابێت بۆ پرۆسەی دانوستانەکان، پێویستمان بە هەڵوێستی راستەقینەی ئەوانە بە تایبەتی لە کاتی دانوستاندا، ئەگەر ئەوان بە هەڵوێستی بنیادنەرەوە بێن،  ئەو کات رەنگە بتوانین گفتوگۆ لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنێک دەستپێبکەین، بەڵام ئەگەر بەردەوامبن لە هەڵوێستی دژبەیەک  پێموایە ئەوا کارێکی زەحمەت دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن"

قسەکانی عێراقچی لە کاتێدایە، رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تارانە لەگەڵ بەرپرسانی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکە و خولی دووەمی دانوستانەکان تاوتوێدەکات.