عێراقچی: نامەی دەستنووسی رێبەری باڵای ئێرانم گەیاندە پوتن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و نامەیەکی دەستنووسی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەکەی گەیاندە سەرۆکی رووسیا.
لەبارەی ناوەرۆکى سەردانەکەی، عێراقچی بە میدیاکانی راگەیاند، لەگەڵ رووسیا دیدگای هاوبەشیان بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە.
گوتیشی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی پەیوەست بە دۆخی ناوچەکە و پرسی ئۆکرانیا و رۆژئاوای ئاسیا، بەرنامە ئەتۆمییەکە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیایە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ئەم سەردانەمان چەند ئامانجێکی جیاوازی هەیە لەوانە گەیاندنی پەیامی نووسراوی رێبەری باڵایە بە سەرۆکی رووسیا، سەردانەکەش لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و دانوستانە ناڕاستەخۆکانە".
ئەوەشی گوت، "ئێمە هەمیشە لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە لەگەڵ دۆستەکانمان تێڕوانینی نزیکمان هەیە، لە رابردووەوە تاوەکو ئێستا هەم لەگەڵ رووسیا و هەمیش لەگەڵ چین لە نزیکەوە گفتووگۆمان لەو بارەیەوە کردووە و بۆچوونەکانمان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئێستاش بە هەمان شێوە دەرفەتێکی گونجاوهەیە کە ئەو بابەتانە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا تاوتوێ بکەین".
عێراقچی باسی ئەوەشیکرد، "بە هەمان شێوە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان و پرسە ئابووری و سیاسییەکان تاوتوێدەکەین ، هەروەها لە بارەی ناوچەکە و رۆژئاوای ئاسیا ئەو پێشهاتانەی کە روودەدەن و بەردەوامی تاوانەکانی ئیسرائیل ، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی ئۆکرانیا و بابەتگەلێکی زۆر گرنگ هەیە، کە لەم سەردانەدا باسیان دەکەین".
پێشتریش ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو ، سەردانەکەی وەزیری دەرەوە لەسەر داوای سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەى بووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتە، لەبارەی پرسە جیاوازەکان.
سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆسکۆ لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی شەممە 19ـی نیسان، خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی نێوان تاران و واشنتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە بەڕێوەبچێت.