بەرشلۆنە ئەمشەو دەیەوێت لە ریاڵ مەدرید زیاتر دووربکەوێتەوە

ئەمشەو لەگەڕی 33ی لالیگا، یانەی بەرشلۆنەی پێشەنگی خولەکە لە یاریگای مۆنجویک میوانداریی یانەی ریاڵ مایۆرکا دەکات، بلاوگرانا دوای بردنەوە قورسەکەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ دەیەوێت بەردەوامی بەبردنەوەکانی لالیگا بدات، تاوەکو جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریاڵ مەدریدی دووەمی ریزبەندی بە چوار خاڵ بهێڵێتەوە، بەرشلۆنە سوورە لەسەر چنینەوە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا و 13 یارییە لەسەریەک یانە نەبووە بتوانێت شکست بە تیپەکەی هانسی فلیک بهێنێت.
بلاوگرانا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و دوو هەفتەی چارەنوسسازدایە، سەرەتا پێویستە سەرکەوتن بەرامبەر مایۆرکا بەدەستبهێنێت، دواتر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی ریاڵ مەدرید دەبێتەوە، هەر لە هەفتەی داهاتوودا یاریی چوونی قۆناغی پێشکۆتایی بەرامبەر ئینتەرمیلان ئەنجامدەدات، بەڵام یارییە تاقەت پڕوکێنەکانی بەرشلۆنە بەردەوامی دەبێت و کلاسیکۆی لالیگاشی لەبەردەمدایە، دواتریش یاریی گەڕانەوە بەرامبەر ئینتەر ئەنجامدەدات، بەرشلۆنە بەم شێوەیە ئەرکی لە ریاڵ مەدرید قورسترە و زیاتر ماندوو دەبێت.
ئەگەر سەیری داتا و ژمارەکانی رووبەڕووبونەوەکانی رابردووی بەرشلۆنە و مایۆرکا بکەین، لەدوایین 17 یارییدا 15 جار بردنەوە لەبەرژەوەندی یانە کەتەلۆنییەکە بووە و شەش سەرکەوتنی لەسەریەکی بەرامبەر رکابەرەکەی بەدەستهێناوە لە یاریگای خۆیدا.
کەمن ئەو رکابەرانەی ئەم وەرزە توانیویانە لە یاریگای مۆنجویک خۆیان بەرامبەر بەرشلۆنە بگرن، چونکە لە هەشت یاریی رابردوودا بەرشلۆنە لە حەوتیاندا لانی کەم سێ گۆڵی لە میوانەکانی تۆمارکردووە، هاوکات شەش بردنەوە و دوو یەکسانبوونی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەی هانسی فلیک تەنیا لە سێ بۆنەدا تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە.
