لیژنەیەک لێکۆڵینەوە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی یاریی نەورۆز و زاخۆ دەکات

یاریی لوتکەی نێوان یانەی نەورۆزی خاوەن یاریگا و زاخۆی میوانی بەهۆی شەڕو و ئاڵۆزییەوە تەواونەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەورۆز میوانداریی زاخۆی کرد، بەڵام لەگێمی دووەمی یارییەکەدا شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هاندەرانی یانەی نەورۆز و یانەی زاخۆ روویدا و ژمارەیەک زۆر برینداری لێکەوتەوە، کە هەر بەو بۆنەیەوە ناوبژیوان یارییەکەی راگرت و دواتریش تەواونەکرا.
بەگوێرەى زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8 لە بەردەم نەخۆشخانەی شار، بەهۆی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکەوە، نزیکەی 37 هاندەری بریندار لە هەردوولا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شار، وەزارەتی تەندرووستی سلێمانیش رایگەیاند کە بەکۆی گشتی لە یاریگا و نەخۆشخانەی شار، 62 کەس برینداربوون.
شەڕەکە لە خوولەکی 83ـی یارییەکە دەستیپێکرد، کاتێک گۆڵێگی یانەی زاخۆ لەلایەن ڤارەوە رەتکرایەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی هاندەرانی یانەکەی لێکەوتەوە و لەڕێگەی فڕێدانی دەبەی ئاو و ئامڕازە جیاوازەکانەوە ئاڵۆزییەکان دەستیپێکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاندەران بڕژێنە ناو یاریگا و لەسەر لاکێشەی سەوز بڵاوببنەوە، بەوهۆیوە ناوبژیوانی یارییەکە بە ناچاری فیکەی وەستانی یارییەکەی لێدا، کە هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
عەلی حاجی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە :”بەشێک لە هاندەرانی زاخۆ گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و هێزەکانی ئەمنی لە یاریگا هاندەرانی زاخۆیان بەجێهێشتووە”.
هەر لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێک بڵاوکردەوە و بڕیاردراوە، لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکرێت و ئەمڕۆ سەردانی یاریگای نەورۆزییان کرد، تاوەکو راستییەکان ئاشکرابکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کەناڵ8، لیژنەکە دەیانەوێت ئەو کەسانە بگرن کە دەستیان کردووە بە شەڕەکە و ئەوانەشی چەکی قورسییان بەکارهێناوە و خەڵکییان بریندار کردووە، هاوکات کورسییەکی زۆریش شکێندراون و زیان بەر یاریگاکە کەوتووە.
تاوەکو ئێستاش لیژنەکە هیچ زانیارییەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
