بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید..تەواوی زانیارییەکان و پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانەکە بزانە

ئەمشەو شەوە گەورەکەی هاندەرانی بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریدە، کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو یانەکە لە یاریگای لاکارتوخا لە شاری سێڤییای ئیسپانیا، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕوودەبنەوە.
دوای ئەوەی ریاڵ مەدرید بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نزیک بوون لەوەی بڕیاری کشانەوە بدەن، ئەوەش بەهۆی ئەو قسانەی ناوبژیوانان پێدرۆ گۆنزالێس و ریکاردۆ دی بورگۆس کردییان.
یانەی شاهانە هەڕەشەی گەڕانەوەی بۆ مەدرید دەکرد، داوای گۆڕینی ناوبژیوانی دەکرد، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رازی نەبوو و لەکۆتاییشدا ریاڵ مەدرید لە راگەیەندراوێکی فەرمی ئاشکرای کرد کە بە هیچ شێوەیەک نیازی کشانەوەیان نییە، بەڵام لە ناوبژیوان و قسەکانیان رازیی نییە.
بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید رێڕەوی گەیشتنیان بە نازناوەکان جیاوازە، ریاڵ مەدرید تەنیا جامی شای ئیسپانیا و لالیگای لەدەست ماوە، بەرشلۆنەش شەڕ لەسەر سێ نازناوی لالیگا، چامپیۆنزلیگ و جامی شا دەکات.
لەم وەرزەدا هەردوو یانەکە دووجاری دیکە کلاسیکۆیان ئەنجامداوە و هەردوو کلاسیکۆیەکە لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنە کۆتایی هاتووە و لە هەردوو کلاسیکۆیەکە نۆ گۆڵی کردووە.
بە درێژایی مێژوو، هەردوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا 259 یارییان ئەنجامداوە، بەرشلۆنە بە 102 بردنەوە و ریاڵ مەدریدیش بە 105 بردنەوە باڵادەستە و 52 یەکسانبوونیش روویداوە.
لە جامی شای ئیسپانیاش هەردوو جەمسەرەکە 37 جار رووبەڕووبونەتەوە، بەرشلۆنە 16 بردنەوە، ریاڵ مەدرید 13 بردنەوەی هەیە، هەروەها 8 یەکسانبوونیش روویداوە.
بۆ ئەم یارییەش رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردەوە، گومان لە ئامادەبوونی ڤاڵڤێردی و کیلیان ئێمباپێ هەیە، کە هەستییان بە ئازار کردووە، هاوکات کاماڤینگا، میلیتاو و کارڤاخالیش بەشداریی ناکەن.
لە پێکهاتەی بەرشلۆنەش، هانسی فلیکی راهێنەر لە تواناکانی باڵدی، مارک کاسادۆ و لیڤاندۆڤسکی بێبەشدەبێت.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی بەرشلۆنە:
چێزنی
مارتن، مارتینێز، کوبارسی، کوندێ
پێدری، دی یۆنگ
رافینیا، ئۆلمۆ، لامین یاماڵ
تۆرێس
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریاڵ مەدرید:
کۆرتوا
ڤاڵڤێردی، ئەسێنسیۆس، رودیگێر، گارسیا
چوامینی، مۆدریچ، بێلینگهام
رۆدریگۆ، ئێمباپێ، ڤینیسیۆس
