بەکارهێنانی شاشەکان هەڵچوونی منداڵان زیاتردەکات

بەکارهێنانی شاشەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبێتەهۆی تووڕەبوون و هەڵچوونی منداڵان.
زۆرینەی کات دایکوباوکان هەوڵدەدەن لە رێگەی تابلێت و شاشەکانەوە منداڵەکانیان هێمنبکەنەوە، ئەمەش دەبێتەوەهۆی تووڕەبوونی زیاتری منداڵەکان.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی جامادا بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی شاشەکان توانای مامەڵەکردنی منداڵان لەگەڵ هەست و سۆزەکانیاندا کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی گوتەکانی توێژەرانی ئەم توێژینەەویە، منداڵان بە دوو جۆر فێری چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانیان دەبن، جۆرێکیان ئەوەیە کە دایکوباوکان بە شێوازێکی راستەوخۆ منداڵەکانیان فێردەکەن کە چۆن هەستەکانیان دەرببڕن و مامەڵەیان لەگەڵبکەن، یان منداڵان بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ خۆیان لە دایکوباوکیانەوە فێردەبن. بەڵام کاتێک منداڵان کاتێکی زیاتر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەردەبەن، زیاتر سەرنجی شاشەکان دەدەن لە جیاتی ئەوەی سەرنجی دایکوباوکیان بدەن و لێیانەوە فێرببن.
بە گوێرەی ئامارەکانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، زۆرینەی منداڵانی تەمەن چوار ساڵ خاوەنی مۆبایل یاخود تابلێتی خۆیانن، هەروەها تێکڕای ئەو ماوەیەی منداڵان لە رۆژێکدا شاشەکان بەکاردەهێنن لە ساڵی 2020ـدا تەنیا پێنج خولەک بووە، بەڵام لە ساڵی 2022ـدا بۆ 55 خولەک زیادی کردووە، هەروەها سەرنجی ئەوەیاندا کە لەگەڵ زیادبوونی ماوەی بەکارهێنانی شاشەکاندا، رێژەی هەڵچوونی منداڵان زیادی کردووە.