ئیسرائیل چێشتخانەیەکی خێرخوازیی لە غەززە بۆردوومانکرد

test
شوێنی بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە فۆتۆ: AP

سوپای ئیسرائیل چێشتخانەیەکی خێرخوازیی لە شاری غەززە بۆردوومانکرد، بەرگریی شارستانیی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر ئەو چێشتخانەیەی گەڕەکی ریمال لە رۆژئاوای شاری غەززە، بۆ 33 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 80 کەسیش بریندارن.

مەحمود بوسەل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری و هاووڵاتیانی خۆبەخش، تەرمی 33 کوژراو و زیاتر لە 80 برینداریان گواستووەتەوە، کە نزیکەی نیوەیان  ژن و منداڵ بوون.

راشیگەیاند، بۆردوومانەکەی ئیسرائیل چێشتخانەیەکی قەرەباڵغی کردووەتە ئامانج، تیایدا هاوڵاتییانی غەززە چاوەڕێی بەدەستهێنانی ژەمەخۆراکێک بوون وەکو هاوکاری، جگە لەوەش 

بەشێک لە رێبواران و فرۆشیاران و خاوەن دوکانەکانی ناوچەکەش کاریگەریی بۆردوومانەکەیان بەرکەوتووە.

لە لایەکی دیکەوە، محەممەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی دەسەڵاتی فەڵەستین، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، رێگریی بکەن لە برسیکردنی خەڵکی غەززە و ئەوەی بە "تاوانی مرۆیی بە ئەنقەست" ناوبرد و گوتی بێدەنگی لە بەرامبەریدا هاوبەشیکردنە لەو تاوانەدا، راشیگەیاند، غەززە بە ناوچەی برسێتی دەناسێنین و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی برسیکردنی هاوڵاتیانیان، سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین گوتیشی، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.