ئیمانوێل ماکرۆن لە پاریس پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع کرد

test
کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەحمەد شەرع فۆتۆ: AFP

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد و داوای لێ کرد، بەبێ جیاوازیی هاوڵاتییانی سووریا بپارێزن و جەختی لە گرنگیی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقیش کردەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع گوتی، سووریاى ئازاد خەونى هەموولایەکە و لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کاریانکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد، گوتیشی، سەقامگیری لە سووریا بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئەوروپا گرنگە و ئەوان پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکەن.

سەرۆکی فەڕەنسا داوایکرد، بەبێ جیاوازی هاوڵاتییانی سووریا بپارێزرێن، گوتیشی ، زیاتر لە 600 کەس لە عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکانى سووریا کوژران و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانیدا بکرێت.

ماکرۆن پێشوازیی لە رێککەوتنى نێوان هەسەدە و دیمەشق کرد و بە "زۆر گرنگ" ناویبرد، جەختی لەوەشکردەوە، کە هێزەکانى سووریاى دیموکرات هاوپەیمانێکى سەرەکى ئەوانن و هیوایخواست رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێبکرێت.

لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، سوپاسى سەرۆک و گەلى فەڕەنسای کرد و گوتی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا باسیان لە رێگاکانی پێشخستنی پەیوەندییە هاوبەشەکانیان و ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش و دادپەروەری لە سووریا کردووە، جەختی لەوەشکردەوە، کە سەلامەتی سوورییەکان کاری لەپێشینەیانە ، دڵنیاییدا کە ئەوان بەتوندی رووبەڕووی تایفەگەری وەستاونەتەوە و لەوبارەوە دەرگایان بەڕووی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیدا کردووەتەوە، سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە سووریاش رایگەیاند، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵیان هەبووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ فەڕەنسا رووبەڕووی رەخنەی توندی راستڕەوەکانی ئەو وڵاتە بووەوە، مارین لوپێن، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەو، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو سەردانەی شەرع دەربڕی و بە "جیهادییەک" ناویبرد کە پەیوەندیی بە داعش و ئەلقاعیدەوە هەیە.

ئێریک سیۆتی، پەرلەمانتاری پارێزگاران سەبارەت بەو سەردانە رایگەیاند، "فەرشی سووری کۆشکی ئیلیزێ رەنگی خوێنی قوربانیانی تیرۆریزمی ئیسلامی"یە.

لۆران وۆکیز، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمارییەکان لە پەرلەمانی فەڕەنسا، پێشوازیکردنی لە شەرع بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد و گوتی: پێشوازیکردن لەو سەرکردانەی پێشتر تیرۆریست بوون و ئەندامی ئەو رێکخراوانەن کە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشیان بۆ سەر فەرەنسا داوە، قبوڵکراو نییە.

loading....