عومەر چەلیک: هەنگاوی بەرجەستەی پەکەکە هەنگاوی نوێی لێدەکەوێتەوە

test
عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی فۆتۆ: AA

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەگای سەرەکی ئاکپارتیی لەگەڵ 50 پەرلەمانتارى پارتەکەى و بەشێک لە وەزیرەکان و جێگری وەزیرەکانی کابینەکەیدا کۆبووەوە و پاش کۆبوونەوەکەش، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە، پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بکرێت چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.

چەلیک کە هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتییە گوتیشی "پێویستە پەکەکە بە هەموو درێژکراوە، لق و لایەنەکانییەوە خۆیان هەڵبوەشێنەوە و چەکدابنێن".

باسی لەوەشکرد، ئەو پرۆسەیەی لەگەڵ راگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانیدا سەرهەڵدەدات، ئاماژە دەبێت بە قۆناغێکی "زۆر گرنگ".

گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی "هەر هەنگاوێکی بەرجەستە کە لەلایەن پەکەکەوە دەربارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بنرێت، پێشوازی ئەرێنیی نوێ و هەنگاوی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر گرنگە پەکەکە بە زووترین کات بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان رابگەیەنێت.

گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد و گوتی "بێگومان پێویستە ئەم پرۆسەی چەکدانانە بە بەرجەستەیی و کردەیی بەڕێوەبچێت و لە قسە و وتاردا نەمێنێتەوە و پاش راگەیاندنیشی، دامەزراوەکانی دەوڵەت لە گۆڕەپان و واقیعدا چاودێریی چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەکەن، تاوەکو پشتڕاستبکرێتەوە و هەمووی وەک راپۆرت دەخرێتە بەردەست کەسی یەکەمی دەوڵەت کە سەرۆککۆمارە".

گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە سیاسەتی دەوڵەتە و کاری لەپێشینە و یەکەمی هاوپەیمانی جومهوری ئاکپارتی و مەهەپەیە. هەر بۆیە یەکێک بووە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەردۆغان و باخچەلی کە رۆژی شەشی ئایار لە شوێنی مانەوەی باخچەلی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.

یەکی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا چووە لای هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی پارتی دەم و تەوقەی لەگەڵ کردن، ئەوەش دەرگای بەڕووی قۆناغێکی نوێ لەنێوان دەوڵەت و کورددا کردەوە.

نۆی تشرینی یەکەمیش، ئەردۆغان رایگەیاند، بە رێزەوە پێشوازیی لە گوتەکانی باخچەلی دەکات، ئەوەش دەریخست هەنگاوەکانی باخچەلی، هەنگاوی ئاکپارتی و دەوڵەتیشن.

15ـی تشرینی یەکەم، باخچەلی داوای چەکدانانی لە پەکەکە کرد و 22ـی هەمان مانگیش لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان، داوایکرد ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دەم وتار بدات و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت، بەو جۆرەش مافی ئومێد وەربگرێت، کە دەرگا بەڕووی ئازادبوونی سزادراوە قورسەکاندا دەکاتەوە.

رۆژێک دواتر و پاش چوار ساڵ لە دابڕان، عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی کرد و مامی بینی. ئەوەش بە کردەیی بووە سەرەتای ئەو پرۆسەیەی کە چەند مانگێکە بەردەوامە.

لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر، بۆ یەکەمجار سەردانی ئیمراڵی کرد. شاندەکە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بۆ دووەمجار سەردانی ئیمراڵی کرد.

لە 27ـی شوباتی 2025یش، شاندێکی حەوت کەسیی بۆ سێیەمینجار، سەردانی ئیمراڵی کرد و دواتریش گەڕانەوە ئیستانبوڵ و بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان خوێندەوە.

رۆژی 21ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، بۆ چوارەمینجار سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لەم دیدارەدا بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە سڕی سورەییا ئۆندەر نەیتوانی بەشداریی بکات.