یەکەم دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پاپا بێئەنجام بوو

test
بەرزبوونەوەی دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کڵێسای سیستینەوە

لە یەکەم دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێى ڤاتیکان، دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کڵێسای سیستینەوە بەرزبووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى کاردیناڵەکان نەیانتوانی پاپا هەڵبژێرن و دەنگدانەکە دواخرا بۆ سبەى پێنجشەممە.

لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانی سانت پیتەر کۆبووبوونەوە لە چاوەڕوانیی بینینی دوکەڵەکەدا بوون، کە بەگوێرەى نەریتێکى دێرین لە پرۆسەى هەڵبژاردنى پاپاى نوێ پەیڕەو دەکرێت.

پاش سێ کاتژمێر و 15 خولەک دوکەڵى رەش لە دوکەڵکێشى کڵێساکە بەرزبوەوە، ئەوەش پاش ئەوەى ئەو 133 کاردیناڵەى بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد نەیانتوانى شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاری بکەن.

پاش مردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، لە 21ـی نیسانی 2025، ئەو کاردیناڵانە بانگێشتی رۆما کران بۆ هەڵبژاردنی پاپایەک بۆ نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیکی لە جیهان.

بەگوێرەی ئەو رێوڕەسمە دێرینە، لە هەڵبژاردنی پاپادا، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵەوەیە، بەنهێنی دەنگ دەدەن لە کڵێسای سیستین تاوەکو یەکێکیان زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، کە 89 دەنگە و دواتر وەکو پاپا دەستنیشاندەکرێت.

ئەمە گەورەترین رێوڕەسمی نێودەوڵەتییە، کە کاردیناڵەکانی لە 70 وڵاتی جیاوازەوە کۆکردووەتەوە و زۆرینەیان پێشتر یەکتریان نەناسیووە.

تاکە ئامراز بۆ گەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پاپا سوتاندنی کارتەکانی دەنگدانە بە ماددەیەکی کیمیایی بۆ دەرکردنی دوکەڵ.

ئەگەر دوکەڵەکە رەش بێت مانای ئەوەیە بڕیار نەدراوە، ئەگەر سپی بێت، ئەوا پاپای نوێ هەڵبژێردراوە.

loading....