ترەمپ: رێککەوتنێکى گەورە لەگەڵ وڵاتێکى رێزدار رادەگەیەنم

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سبەى رێککەوتنێکى بازرگانیی گەورە لەگەڵ "وڵاتێکى رێزدار" رادەگەیەنێت، میدیاکانى ئەمریکاش دەڵێن، رێککەوتنەکە لەگەڵ بەریتانیایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لە پێگەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى تروس سۆشیال نووسیویەتى، رۆژى پێنجشەممە، رێککەوتنێکى گەورە لە کۆشکى سپى واژۆ دەکات.
دواى راگەیەندراوەکەى ترەمپیش، هەریەک لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و پۆلەتیکۆى ئەمریکى بڵاویانکردەوە، بڕیارە ترەمپ رێککەوتنێکى بازرگانیی لەگەڵ بەریتانیا واژۆ بکات.
مانگی رابردوو، ترەمپ باجی زۆری بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکادا سەپاند، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتیی جێبەجێکردنى بڕیارى وەرگرتنى زۆرینەى باجەکانی راگرتووە، بۆ ئەوەی رێگە بە دانوستان لەسەر رێککەوتنە بازرگانییەکان بدات.
چەند هەفتەیەکیشە بانگەشەی ئەوە دەکات، وڵاتان ریزیان گرتووە بۆ ئەوەی رێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی شوباتدا، کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر باج و هەوڵەکان بۆ رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو سەردانی واشنتنی کرد.
بەهۆی ئەوەی دایکی لە سکۆتلەندا لەدایکبووە، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی باشى لەگەڵ بەریتانیا هەیە، هەروەها یەکەم سەرکردەی جیهانیشە دووجار بەفەرمى بانگێشتى بەریتانیا کرابێت، پێشتر لە ساڵی 2019 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا سەردانى ئەو وڵاتەى کرد و بڕیاریشە لەسەر داواى ستارمەر، لە ئەیلولى ئەمساڵدا سەردانى لەندەن بکات و چاوى بە شا چارڵزى سێیەم بکەوێت.