چوار دۆسییە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا هەیە

زنجیرە سەردانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی تورکیا بۆ عێراق و بە پێچەوانەشەوە، گڕوتینی بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دایەوە.
ساڵی 2024 و سەرەتاکانی ئەمساڵ، بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا سەردانی ئەنقەرە و بەغدادیان کرد، کە دیارترینیان سەردانەکەی ئەردۆغان بوو دوای زیاتر لە 11 ساڵ.
لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا جۆرێک لە گرژییان تیادابوو، بەڵام ئەو سەردانانە بەستەڵەکی نێوان هەردوو وڵاتەکەی تواندەوە.
چوار دۆسییەی سەرەکیی کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە هەیە، ئەوانیش دۆسیەی پەکەکە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهان، دۆسیەی ئاو و رێگەی گەشەپێدانن.
عێراق و تورکیا لەسەر چەند ئاستێک رێککەوتنیان هەیە، بەڵام گرنگترینیان رێککەوتنە لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، نەوت و ئاو.
رۆژی 20ی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدادی کرد و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، 27 رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژۆکرد.
ئێستا خاڵێکی بەهێزی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە، پەیوەندیدارە بە رێگەی گەشەپێدانەوە، کە هەردوو وڵاتەکە بەرژەوەندیی هاوبەشیان تیادا هەیە و تورکیا بە تەواوەتی پشتیوانی لە پرۆژەکە دەکات.
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاڕاستەی رێگەی گەشەپێدان و تێپەڕنەبوونی بەناو خاکەکەیدا لەگەڵ عێراقدا ناکۆکیی هەیە، بەڵام تورکیا هەوڵدەدات خۆی لەو ناکۆکییانە بە دوور بگرێت.
ئێستا خاڵی پەیوەندیی وشکانیی نێوان عێراق و تورکیا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە، بەڵام بەغداد هەوڵدەدات بەهۆی رێگەی گەشەپێدانەوە دەروازەیەکی وشکانی راستەوخۆ لەگەڵ تورکیادا دروستبکات، ئەمەش پێگەی جیوسیاسیی هەرێمی کوردستان لاوازدەکات.