سودانى بەرەو تورکیا بەڕێکەوت

test

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەرەو تورکیا بەڕێکەوت و چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەک یاداشت لەگەڵ بەرپرسانى ئەنقەرە واژۆ بکات.

نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانى بەمەبەستى بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی ستراتیجی عێراق و تورکیا بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت.

بەگوێرەى زانیارییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، کە لەگەڵ شاندێکی باڵا، سەردانی تورکیا دەکات.

پێشتریش فەخرەدین ئاڵتون، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردەوە، سودانى لە سەردانەکەیدا، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و هەروەها پێشهاتە ناوچەی و جیهانییەکان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا تاوتوێ دەکات.

فەخرەدین ئاڵتون، ئاماژەى بەوەشکرد، لەچوارچێوەى سەردانەکەدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ستراتیجیی نێوان تورکیا و عێراق بەڕێوەدەچێت.

پێشبینى دەکرێت، سودانى لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا ژمارەیەک یاداشت و لێکتێگەیشتن لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا واژۆ بکات.

رۆژی 1ـى تشرینی دووەمی 2024 لە سەردانێکی پێشوەخت و رانەگەیەندراودا سودانی سەردانى تورکیای کرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغداد و پرسە ناوچەی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد.

رۆژی 22ـی نیسانی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

loading....