بەهۆی تەقەکردنەوە لە سنووری شارباژێڕ و رۆژهەڵات کوڕێک گیانیلەدەستدا و باوکی برینداربوو

بەرەبەیانى ئەمڕۆ باوک و کوڕێک لەسەر سنوورى باشوور و رۆژهەڵاتى کوردستان، لە گوندى سورەبانى ناوچەى شارباژێڕ تەقەیان لێکرا و کوڕەکەش گیانىلەدەستدا و باوکەکەش بریندارە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى گوت، دواى گەیشتنى باوک و کوڕێک بە برینداریی بۆ نەخۆشخانەکەیان، کوڕەکە کاتژمێر 7:30 خولەکى بەیانى ئەمڕۆ گیانى لەدەستداوە و باوکەکەش بە برینداریی لە نەخۆشخانەکە ماوەتەوە.
گوتیشى، باوکەکە تەمەنى 41 ساڵە و کوڕەکەش کە گیانى لەدەستداوە تەمەنى 18 ساڵە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانییش بە کەناڵ8ـى گوت، باوک و کوڕەکە بە فیشەک پێکراون، بەڵام سەرچاوەی تەقەکردنەکە نەزانراو بووە.
هاوکات سەرچاوەیەکیش لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، لەپاش رووداوەکە هێزەکانی ئاسایش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوووە دواتر دۆسیەکە رادەستی پۆلیس کراوەتەوە، ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.
ئەو سەرچاوەیەی دەزگای ئاسایش دەشڵێت، لەسەر رووداوى تەقەکردنەوە کەسێک دەستگیرکراوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، باوک و کوڕەکە پیشەیان کۆڵبەریى فەرمیی بووە و کەلوپەلیان لە باشوورەوە بۆ سنوورەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان گواستووەتەوە.