بانکی ناوەندیی ئەمریکا داواکەی ترەمپی رەتکردەوە و رێژەی سوودی بانکیی وەک خۆی هێشتەوە

test
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا

بانکی ناوەندیی ئەمریکا پاش کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی بەجێگیریی وەک خۆی بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە چەند جارێک داوای لێکرابوو رێژەکە کەمبکاتەوە.

جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بۆ سێیەم کۆبوونەوەی لەسەریەک رێژەی سوودی بانکیی بەجێگیری لە  4.3% هێشتەوە و بەم بڕیارەشی داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەمریکا لەبەردەم مەترسیی زیادبوونی رێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوساندایە، بۆیە بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سوود نائاساییە و بانکی ناوەندی دەخاتە دۆخێکی سەختەوە".

جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا زیاتری روونکردەوە و گوتی، " پێشنیاز و داواکارییەکانی ترەمپ بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی ئێمە نییە،  لە رابردووشدا هەر بەوجۆرە بڕیارمان داوە، هەمیشە بە پشتبەستن بە داتا ئابوورییەکان، پێشبینییەکان بۆ داهاتوو و هەنگاونان لەگەڵ مەترسییەکان ئێمەی گەیاندووەتە بڕیاری دروست".

سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا گوتیشی، "نادڵنیاییەکی زۆر هەیە لە بەردەممان دا، کە وایکردووە بڕیاردان زۆر سەخت بێت و نازانین ئەنجامی سیاسەتە نوێیەکان لە داهاتوو چیدەبن، ئێمە دەزانین مەترسییەکان زیادیان کردووە لەسەر ئابووریی ئەمریکا، مەترسییەکانی زیادبوونی بێکاری و بەرزبوونەوەی رێژەی  هەڵاوسان، راستە هێشتا ئەو مەترسییانە بەتەواوەتی روویان نەداوە، بەڵام مەترسی گەورەی بەردەممانن، بۆیە باشترە زیاتر چاوەڕێبین، من هەرگیز داوای کۆبوونەوەم لەگەڵ هیچ سەرۆکێک نەکردووە، هەرگیزیش نایکەم، سیاسەتی کارکردنی ئێمە بەوجۆرەیە".

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو ئەمریکا زاڵبوونی بەسەر لێکەوتەکانی پەتای کۆڤید19دا راگەیاندبوو و سێ جار لەسەر یەک رێژەکەی کەمکردبووەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی نادڵنیایی لە ئەنجامی سیاسەتی باجەکانی سەرۆکی ئەمریکا، نایەوێت جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سوود بدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ناکۆکن لەگەڵ یەکتردا و رەگی ئەم ناکۆکییەش دەگەڕێتەوە بۆ خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، بەگوێرەی یاساش سەرۆکی وڵات دەستێوەردان ناکات لە بڕیارەکانی بانکی فیدراڵی بۆ دەستکارییکردنی رێژەی سوود، لە مانگی رابردووشدا ترەمپ دوورخستنەوەی پاوڵی لە کارەکەی راگەیاند، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستبەجێ بەهای دۆلار دابەزی و پشێوی لە بازاڕە داراییەکان دروست بوو، ترەمپ بڕیارەکەی کشاندەوە و گوتی: "پاوڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، بەڵام پێویستە رێژەی سوود دابەزێنێت".

loading....