ئەحمەد شەرع دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئيسرائيل پشتڕاستکردەوە

ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری حکومەتی راگوزەری سووريا لە ميانی سەردانەکەی رۆژی چوارشەممەدا بۆ فەڕەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ ئيمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە رايگەياند، حکومەتەکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئيسرائيل هەيە ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووريا ئەوەشی گوت، "سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئيسرائيل دانوستانی ناڕاستەوخۆن، ئەم دانوستانانە لە رێگەی نێوەندگيرانەوە بەڕێوەدەچێت وەک هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لەوەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت بۆ هەردوو لایەن".
ئەحمەد شەرع گوتیشی، "دەستێوەردانەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە و رێککەوتنی ساڵی 1974ی پێشێلکردووە، لەدوای گەیشتنمان بە دیمەشق، ئێمە بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راگەیاندووە، کە سووریا پابەندە بەو رێککەوتنەوە".
قسەکانی شەرع دوای هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئيسرائيل دێت بۆسەر سووريا، کە دواينيان بۆسەر ديمەشق بوو، هێرشەکە تەنيا 500 مەتر لە کۆشکی سەرۆکايەتیی سوورياوە دووربوو.