وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەوەی بەرامبەر حەماس کردمان بەرامبەر ئێرانیش دەیکەین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پاش چەند رۆژێک لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن هۆشداریدا لەوەی "ئەوەی بەسەر حەماسیان هێنا لە غەززە"، هەمان شت بەرامبەر ئێران دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ی ئایاری 2025) یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە هۆشداریدەداتە ئەو سەرکردانەی ئێران کە لە رووی دارایی و سەربازی پاڵپشتیی حوسییەکان دەکەن و پێیان دەڵێت، مۆدێلی گرووپە چەکدارەکان کۆتایی هاتووە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی وڵاتەکەی خستە پاڵ بەرپرسانی ئێران و رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر حزبوڵا لە بەیروت و حەماس لە غەززە و دەسەڵاتی ئەسەد لە دیمەشقدا ئەنجامیاندا بەرامبەر تارانیش دەیکەن.
لە 4ی ئایاری 2025، حوسییەکانی یەمەن هێرشێکی موشەکییان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن، بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی فڕۆکەخانەکە داخرا و کۆمەڵێک زیانی ماددیشی لێکەوتەوە و چوار کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.