وەزیرى ئاوەدانکردنەوە: رێگەى گەشەپێدان بە هەرێمى کوردستاندا تێناپەڕێت

test
كاركردن لە رێگەی گەشەپێدان

دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، رێگەى گەشەپێدان بە هەرێمى کوردستاندا تیپەڕنابێت و دەشڵێت، بەرپرسانی هەرێم لەکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و بەرپرسانى عێراقى داواى گۆڕینى رێرەوى رێگەکەیان کردووە.

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسیلەوەشکرد، بەدەرکردنى هەرێمى کوردستان لە رێگەى گەشە بریارى سیاسییە نەک ئابوورى.

رێگەی گەشەپێدان چییە؟

رێگەى گەشەپێدان، پرۆژەیەکی ئابووری، بازرگانی و گواستنەوەی عێراقە و بە 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاو (ئوم قەسر)ەوە دەستپێدەکات و لە خاکی عێراقدا لە پێشخابوور کۆتایی دێت. لە داوی ئەوەش رێگەکە بەردەام دەبێت تاوەکو دەگاتە بەندەری مێرسینی تورکیا. لەو رێگەیەوە شمەک و کاڵای چین و وڵاتانی ئاسیا بەرەو ئەوروپا دەڕوات و بە پێچەوانەشەوە شمەک و کاڵای ئەوروپایی بۆ وڵاتانی کەنداو  دەگوێزێتەوە.

قۆناغەکانی رێگەی گەشەپێدان

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بڕیارە لە ساڵی 2028 قۆناغی یەكەمی دەستپێبكات و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو ببێت، پاشان قۆناغی دووەم لە ساڵی 2033 دەستپێدەكات و لە 2038 كۆتایی دێت، قۆناغی سێیەمی پرۆژەكەش لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.

 درێژی هێڵی ئاسنینی پرۆژەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی خێرای وشکانیش (ئۆتۆبان) هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

 تێچووی پرۆژەکە

تێچووی پرۆژەی رێگەی گەشە 17 ملیار دۆلار دەبێت، کە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ راكێشانی هێڵی ئاسنین و 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ رێگەی خێرای وشكانی (ئۆتۆبان) خەرج دەکرێت.

دوای تەواوبوونی پرۆسەی تەرخانکردنی زەوی، قۆناغی دیزاینی پرۆژەکە دەستپێدەکات و بانگهێشتی کۆمپانیاکانی جیهان دەکرێت بۆ ئەوەی لەو پرۆژەیەدا دەستبەکاربن، بە گوتەی بەرپرسانی پرۆژەکە، لە هەموو قۆناغەکانیشدا بە وردەکارییەوە کار دەکەن و دەیانەوێت رێڕەوی رێگەی گەشەپێدان بکەوێتە دەرەوەی شار و ناوچە چڕەکانی دانیشتووان.

پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حكومەتی هەرێم دوو پێشنیازی سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان پێشكەش بە بەغداد كردووە، پێشنیازی یەكەم ئەوەیە، كە رێگەكە لەناو سنووری هەرێمی كوردستاندا بە (سحێلا - سیمێل - دەشتی نەینەوا - هەولێردا بڕواتە كەركووك و پاشان پارێزگاكانی دیكەی عێراق تا بەندەری بەسرە)، بەو جۆرە 180 كیلۆمەتری دەكەوێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان. ئەم پێشنیازە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رەدكراوەتەوە.

پێشنیازی دووەمی حكومەتی هەرێم ئەوەیە، كە رێگەی گەشەپێدان بە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلەدا بڕوات بۆ دەشتی نەینەوا، دواتر بۆ سیمێل و پاشان بۆ دەڤەری دێرەبوور لە گوندی قەرەبوڵڵا و دواتر بۆ دەروازەی فیشخاپوور.

ئەم پێشنیازە وەكوو ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەڵێت، لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە وەرگیراوە بۆ "دیراسەكردن".

گرنگیی پرۆژەکە

پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەی ئاسنین و ئۆتۆمبێل، بەندەر و شاری نوێ‌ و چەندین ناوچەی پیشەسازی و پرۆژەی بازرگانیی گرنگ لەخۆ دەگرێت و ساڵانە توانای گواستنەوەی 15 ملیۆن كەس  و 22 ملیۆن تۆن كەلوپەلی هەیە.

تەنیا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، 100 هەزار هەلی كار لە عێراقدا دەڕەخسێنێت، جگە لە دەیان هەزار هەلی كاری دیكە، كە بەهۆی هاتنە ئارای پرۆژەی پیشەسازی و بازرگانییەوە دەڕەخسێن.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023 ، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد.

loading....