ئیدارەی ترەمپ پێداچوونەوە بە ڤیزای ئەو کەسانەدا دەکات خۆپیشاندانیان بۆ غەززە کردووە

پۆلیسی ئەمریکا دەیان خۆپیشاندەری لەناو زانکۆی کۆڵەمبیا دەستگیرکرد، کە لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لەناو کامپی زانکۆکەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدابوو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هەڕەشەی پێداچوونەوەی ڤیزاکانیان لێ دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی، ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێکی توند لە دژی ئەو کەسانە دەگرێتەبەر، کە هاوسۆزیی بۆ فەڵەستینییەکانی غەززە دەردەبڕن و بەوهۆیەشەوە هێزێکی گەورەی پۆلیس رەوانە کراوە بۆ دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاشکرایکردووە، نزیکەی 40 بۆ 50 کەس دەستگیرکراون، کە زۆربەیان خوێندکاری زانکۆی کۆڵەمبیان .
لەپێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مارکۆ روبیۆ هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کردووە و نوسیوویەتی، "پێداچوونەوە بە ڤیزای هەموو ئەو بیانییانە دەکەین، کە زانکۆی کۆڵەمبیایان داگیرکردووە و ئاژاوەگێڕی تیادا دەکەن".
روبیۆ خۆپیشاندەرانی بە پشتیوانیکردنی حەماس تۆمەتبارکردووە و رایگەیاندووە چی دیکە پێشوازی لەو کەسانە ناکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، ئەو هەنگاوەی ئێستای پۆلیس و هەڵوێستەکەی روبیۆ بەشێکە لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە کە پێشتر رایگەیاندبوو، هەموو ئەو خوێندکارە بیانییانە دووردەخەنەوە، کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و رێنمایی ئاڕاستەی دامەزراوەکان کردووە چاودێرییان بکەن و راپۆرت لەوبارەیەوە پێشکەشبکەن.