چاودێران: بڕیارەکەی ترەمپ نادڵنیایی بۆ پیشەسازیی فیلم دروستدەکات

بڕیار و دەستپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دۆخی بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرەکانی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا نالەبار کردووە و هەمووان دوودڵن لە سەقامگیریی پیشەسازییەکە.

لەماوەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێژەی %100، گومرگ و باجی لەسەر تێکڕای ئەو بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییانە سەپاند، کە لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکە بەرهەمدەهێنرێن، بە گوتەی خۆی ئەمە پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ گەشەسەندنی هۆڵیوود و بەرهەمهێنان.
چاودێرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ بڕیارەکانی ترەمپ نادڵنیایی دروستدەکەن، هێشتا روون نییە دانانی باج لەسەر هاوردەکردنی ئەو فیلمانەی لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەمهاتوون، چەندێک کاریگەریی دروستدەکات.

ئاماژە بەوەش دەدەن؛ دەکرێت زیادکردنی ئەم رێژەیە، کاریگەریی لەسەر گەشەی هۆڵیوود دروستبکات، بەڵام لە بەرامبەردا، تێچووی بەرهەمهێنان بەرزدەبێتەوە و بەمەش لە تێکڕای ساڵەکەدا ژمارەی فیلمەکان کەمدەبنەوە و تێچووی بینینی بەرهەمەکانیش بەرزدەکاتەوە.