ژمارەیەک لە کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى بایکۆتى دەوامیان کرد

test
دواکەوتنى مووچە کاریگەریى لەسەر ژیانیان دروستکردووە و ناتوانن بەو شێوەیە درێژە بەکارکردن بدەن

وەک ناڕەزایى دەربڕین لە بەرامبەر دواکەوتنى مووچەکانیان، ژمارەیەک لە کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى بایکۆتى دەوامیان کرد.

سەمیرە فەتاح، کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە سەرجەم بەشەکانییەوە مانیان لە کارکردن گرتووە. 

ژمارەیەک لە کارمەندى دیکەى بەڕێوەبەرایەتییەکە بە کەناڵ8یان گوت، دواکەوتنى مووچە کاریگەریى لەسەر ژیانیان دروستکردووە و ناتوانن بەو شێوەیە درێژە بەکارکردن بدەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنى دەوام تاوەکو ئەو کاتەى داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێن کە پێدانى مووچەکانیانە.

هاوکات، ژمارەیەک هاونیشتمانى بەکەناڵ8یان راگەیاند، بەهۆى بایکۆتى کارمەندانى ئاوەوە گرفتى رایکردنى مامەڵەکانیان بۆ دروستبووە.

هەروەها هاونیشتمانیان پشتیوانیى خۆشیان بۆ داواکارى کارمەندانى ئاو دەردەبڕن و داوا لە حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان دەکەن، کێشەى دواکەوتنى مووچە چارەسەربکەن.

ماوەی 40 رۆژە مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و تاوەکو ئێستاش وادەى دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان ئاشکرا نەکراوە.

بەرپرسانى هەرێمى کوردستان لەبارەى هۆکارى دواکەوتنەکە بیروڕاى جیاوازیان هەیە و  بەشێکیان هۆکارەکەى بۆ نەبوونى پارەى کاش دەگەڕێننەوە، بەشێکى دیکە هۆکارەکە بەسیاسى ناودەبەن.

loading....