سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی: لە کۆتایی ئەمساڵدا بەشێك لە شەقامی 100 مەتری دەكرێتەوە

test
لەیلا عومەر ، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و گوتیشی، بەم کارەی ئێستا، کە کۆمپانیاکە دەیکات، لە کۆتایی ساڵدا بەشێك لە شەقامەکە دەكرێتەوە.

لەیلا عومەر ، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لەپاش سەردانیکردنی بۆ مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی، لەگەڵ قایمقامی سلێمانی و سەرۆکی ڤێتەرنەری سلێمانی بە کەناڵ8 گوت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەردەوامە لە خەرجکردنی پارەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی شەقامی 100 مەتری و ئیشەکانیان بە باشی بەڕێوەدەچن.

گوتیشی، بەگوێرەی تیمی سەرپەرشتیاری 100 مەتری و داواکارییەکانی ئەوان وەک شارەوانی لە کۆمپانیاکە، لە کۆتایی ساڵدا بەشێک لە شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە.

 ئۆتۆبابانی بابان (شەقامی 100 مەتریی سلێمانی)

پرۆژەی شاڕێی بابان (ئۆتۆبانی بابان) یاخود شەقامى 100 مەترى سلێمانى، لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەمی لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لە نزیك شارۆچكەی عەربەت.

ئۆتۆبانی بابان لە چوار سایدی هاتن و رۆشتن، حەوت یەكتربڕی دوو ئاستی و پێنج ئەندەرپاس پێکدێت.

جگە لەوانەش لە پرۆژەکەدا 67 رێڕەوى کۆنکرێتی بۆ رێگری لە کۆبوونەوەی باراناو دروستدەکرێن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەکە بە گرنگ و ستراتیجى ناودەبات و بڕیاربوو لە ماوەی هەزار و 100 رۆژدا تەواو بكرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا قۆناغى یەکەمیشى تەواو نەبووە.

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە

هاوکات سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گوتی، پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە و ناوێکی زۆریان بۆ هاتووەتەوە.

لەیلا عومەر بۆ کەناڵ8 باسی لەوەشکرد، ئەوان چاوەڕوانی رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵن تاوەکو زەوییەکان رادەستی شارەوانی بکات و دواتر ئەوان بتوانن زەوییەکە ئیفرازبکەن.

روونیشیکردەوە، بەشێک لە گرفتی دابەشکردنی زەویی، جوتیارانن کە ئامادەنین زەوییەکان ئیفراز بکرێت لەکاتێکدا ئەو زەوییانە لە ماستەر پلاندا شوێنی نیشتەجێبوونە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی زۆر لەو زەوییانە مافی بەکارهێنانیان لەلایەن شارەوانییەوە بۆ دانراوە و بەگوتەی لەیلا عومەر بۆ ئەوەیە "لەکاتێکی هاوشێوەدا بەکاربهێندرێت لەو کاتەشدا جوتیار قەرەبوو دەکرێتەوە".

loading....