محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ئەنقەرە

test
محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە ئەنقەرە

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ى ئایارى 2025، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەسەردانێک گەیشە ئەنقەرە و چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەک یاداشت لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا واژۆ بکات.

نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانى بەمەبەستى بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی ستراتیجی عێراق و تورکیا سەردانى ئەو وڵاتەى کردووە.

بڕیاریشە دواتر مەراسیمى پێشوازیکردن لە محەمەد شیاع سودانی، لە کۆشکى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا بەڕێوەبچێت.

پێشتریش فەخرەدین ئاڵتون، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، لە تۆڕى ئێکس بڵاویکردەوە، سودانى لە سەردانەکەیدا، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و هەروەها پێشهاتە ناوچەی و جیهانییەکان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا تاوتوێ دەکات.

فەخرەدین ئاڵتون، ئاماژەى بەوەشکرد، لەچوارچێوەى سەردانەکەدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ستراتیجیی نێوان تورکیا و عێراق بەڕێوەدەچێت

پێشبینى دەکرێت، سودانى لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا ژمارەیەک یاداشت و لێکتێگەیشتن لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا واژۆ بکات.

بەگوێرەى میدیاى فەرمى تورکیا، ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەیسەل ئەرئۆغلۆى وەک نوێنەرى تایبەتى خۆى بۆ عێراق دیاریکردووە.

رۆژی 1ـى تشرینی دووەمی 2024 لە سەردانێکی پێشوەخت و رانەگەیەندراودا سودانی سەردانى تورکیای کرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغداد و پرسە ناوچەی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کرد.

رۆژی 22ـی نیسانی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

loading....