پارتی دەم راگەیەندراوێکی لەبارەی "هەوڵی تیرۆرکردنی ئۆندەر" بڵاوکردەوە

test
سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی پێشووی شاندی ئیمراڵی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

پارتی دەم لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵی تیرۆکردنی سڕی سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەدەن کە سێی ئەم مانگە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا رایگەیاند، 2ی نیسان کارمەندی گەراجێک بە بیستنی دەنگێک لە تایەی ئۆتۆمبێلەکەی ئۆندەر کەوتووەتە گومانەوە و ئۆتۆمبێلەکەی بردووە بۆ خزمەتگوزاریی چاککردنەوە.

پارتی دەم دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە لە یەکێک لە تایەکانی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا، ئامێرێکی تیژی لە ئاسن دروستکراو جێگیرکراوە کە توانای هەبووە تایەکە بتەقێنێت. ئۆندەر لە کاتی خۆیدا رووداوەکەی بۆ پارتەکەی گێڕایەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کرا.

پارتی دەم دەشڵێت، "بەڵگەى رووداوەکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نێردرا و ئێمە و ئۆندەریش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخ و رووداوەکەمان کرد، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دۆسییەکەوە بابەتەکەمان بۆ رایگشتی ئاشکرا نەکرد."

پارتی دەم لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیشەوە ئاماژەى بەوەکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک لەبارەی لێکۆڵینەوەکان بە پارتەکەیان نەدراوە.

سڕی سوورەیا ئۆندەر، دوو هەفتە دوای ئەو رووداوە و شەوی 15ـى نیسان، جەڵتەی دڵ لێیدا و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

ئۆندەر کە شادەماری دڵی دڕابوو، نەشتەگەرییەکی 12 کاتژمێریی بۆ کرا و لە سەرەتادا وەڵامی چارەسە پزیشکییەکانی دەدایەوە، بەڵام دواتر کێشەی گەورە لە مێشکیدا سەریهەڵدا و تووشی ئاوسان بوو.

پاش چەند رۆژێک دۆخی بەرەو خراپتر رۆیشت و سەرەڕای هەوڵەکان هۆشینەدەکردەوە، ئەوەبوو پاش 18 رۆژ مانەوە لە یەکەی چاودێریی چڕ، گیانیلەدەستدا.

لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تورکیا باس لە ئەگەری تیرۆرکردنی ئۆندەر کرا و هاوکات رۆژی 17ـی نیسان، کۆما جڤاکین کوردستان "کەجەکە" لە راگەیەندراوێکدا گوتى "بە گومانەوە تەماشای نەخۆشکەوتنەکەی دەکەن".