بازرگانانی باکووری کوردستان داوا دەکەن رێگرییەکانی بازرگانی لەگەڵ عێراق هەڵبگیردرێن

شارەکانی باکووری کوردستان داوا لە ئەردۆغان دەکەن رێگرییەکانی بەردەم بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵبگیردرێن.
چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە، 21 بۆرسە و ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی باکووری کوردستان داوایان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە، سەرجەم ئەو رێگرییانە هەڵبگیردرێن، کە خراونەتە بەردەم کارە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
سەرمایەداران و بازرگانانی باکووری کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، "لەبری ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە چۆن پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ عێراقدا بەهێزتر بکەین، بەڵام بەداخەوە لە خەمی ئەوەداین چۆن درێژە بەو بازرگانییە بدەین ئێستا هەمانە و لەژێر مەترسیدایە."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بازرگانان لە ساڵانی جەنگدا بە تواناکانی خۆیان بازرگانییان لەگەڵ عێراقدا کردووە، بەڵام ئێستا کە ئاشتی و ئارامی هەیە، ناتوانن وەک ساڵانی رابردوو بازرگانییەکەیان بکەن.
بازرگانانی باکووری کوردستان داوایان لە ئەردۆغان کردووە، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سودانیدا باس لە هەڵگرتنی ئەو رێگرییانە بکات، کە ئێستا هەن و چالاکییەکانی لەگەڵ عێراقدا لاواز کردووە.
بازرگانانی باکووری کوردستان دەڵێن، قوربانیی یەکەمی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بازرگان و شۆفێری بارهەڵگرەکانن. بەتایبەت بازگەی موسڵ بە بیانووی ئەمنیی وەک دەروازەیەکی گومرگیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
دەشڵێن، لە کاتێکدا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل 100٪ رێکارە گومرگییەکانیان بەسەردا دەسەپێندرێت و باجیش لەسەر هەندێک کاڵای تورکی زۆر بەرزە، بەڵام لە دەروازەکانی نێوان عێراق و ئێران، ئەو رێکارانە کەمتر دەسەپێندرێن، ئەوەش وایکردووە نەتوانن وەک پێویست رکابەریی کاڵا ئێرانییەکان بکەن.
بازرگانانی باکووری کوردستان باسیان لەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی بە بارهەڵگرەکانی خۆیانەوە بە وڵاتانی دیکەدا تێدەپەڕن، بەڵام لە عێراق رێگە بە تێپەڕبوونیان نادەن، هاوکات لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ڤیزا و مۆڵەتی چوونە عێراقیان پێنادرێت، ئەوەش رووبەڕووی کێشەی گەورەی کردوونەتەوە.