رەشکردنی جامی دواوەی ئۆتۆمبێل رێگەپێدراوە؟

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەک لەو دوکانانەی جوانکاری ئۆتۆمبێل دەکەن، دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە "رەشکردنی جامی دواوەی ئۆتۆمبێل رێگەپێدراوە"، بەڵام هاتوچۆ دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە راستنین.
هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا هۆکاری قەدەغەبوونی رەشکردنی جامی دواوەی ئۆتۆمبێلی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئاستی بینین کەمدەکاتەوە.
هاتوچۆ شۆفێران و خاوەن دوکانەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی رێژە / ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای رەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتیمان بە رێژەی بەرزتر قەدەغەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
وەکو هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، "سەرجەم مەفرەزە گەڕۆکەکانی هاتوچۆ ئاگادارکراونەتەوە ئامێری پێوەری رێژەی جامڕەشکردن بەکاربهێنن تاوەکو ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت."
سزای جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل چییە؟
- سزادان بە 500 هەزار دینار.
- دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ.