بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەى خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

دواجار پاش نزیکەی سێ ساڵ پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەى بەشەخۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دەستپێکی پرۆژەکەش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و مانگێک دەخایەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایار، لیژنەیەک لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بەسەرۆکایەتیى ئەیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و بە بەشداریی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئاراس محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی پرۆسەکەیان راگەیاند.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، کە پێشوازیی لە لیژنەکەی بەغداد و هەولێر کرد، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا جەختى لەسەر گرنگی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەى کە سەر بە حکومەتی فیدراڵن.
ئەیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، گوتی، "وەک رێزێک بۆ هەڵەبجە و پێگەکەی لەپارێزگاکەوە دەست بە پرۆسەکە دەکەین، کە سێ قۆناغە و پرۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە مانگێک دەخایەنێت".
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، داواى لە هاونیشتمانییان کرد لە پرۆسەکە بەشداربن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە. گوتیشى، "ئەوەی بەشداری ئەپەکە نەبێت ئەوا لە ئایندەدا پسوڵەى خۆراکی رادەگیرێت تاوەکو ئەوکاتە پسوڵەکەی دەکرێتە ئەلیکترۆنى".
ئەوە لە کاتێکدایە نزیکەی سێ ساڵە سەرجەم مامەڵەکانی پەیوەست بە پسوڵەى بەشەخۆراک، وەک زیادکردنی ئەندامی نوێی خێزان و گواستنەوە و سەرجەم رێکارەکانی دیکە راگیرابوون، ئەوەش بەهۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەى بەشەخۆراکەوە، کە ئێستا لەسەرتاسەری عێراق دەستیپێکردووە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 859 هەزار و 617 خێزان دەبێت ناو و زانیارییەکانیان بە ئەلیکترۆنی لەرێگەی ئەپی سەر مۆبایلەکانیانەوە تۆماربکەن.
لەو ژمارەیەش 537 هەزار و 434 خێزان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن، 494 هەزار و 480 خێزان لەپارێزگای هەولێر، 272 هەزار و 703 خێزانیش لەپارێزگای دهۆکن.
بەگوێرەی دوایین راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عێراق، تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان زیاتر لە 20 ملیۆن هاوڵاتی لەرێگەی ئەپێکی ئەلیکترۆنییەوە زانیارییەکانی سەر فۆڕمی بەشەخۆراکیان نوێکردووەتەوە.