لێدوانێکی ترەمپ لە بارەی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس کاردانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە

test
ئێران رەتیدەکاتەوە ناوی کەنداو بگۆڕدرێت

گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس لە لایەن ترەمپەوە، کاردانەوەی لە ناوخۆی ئێران لێکەوتەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کەنداوی فارس نیشانەی مێژوو و شوناسی ئێرانە و هەر گۆڕانکارییەک تیایدا سەرکۆنە دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا بە ئاماژەدان بە گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا راشیگەیاند، بڕیارە لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئەمریکادا کۆبوونەوە لە بارەی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارسیش بکرێت.

عێراقچی بە زمانی فارسی و ئینگلیزی لە تویتێکدا دەڵێت، رقی سیاسی بۆ گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس نیشانەی دوژمنایەتییە بەرامبەر بە خاک و خەڵکی ئێران و هەوڵێکی لەو جۆرەش سوکایەتییە بە هەموو ئێرانییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا هیچ کاریگەریی سیاسی و جوگرافیی نابێت و توڕەیی هەموو ئێرانییەکانی بە دواوە دەبێت.

هاوکات فاتیمە موهاجەرانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کەنداوی فارس بەشێکە لە ناسنامەی مێژووی گەلی ئێران.