قازانجى دانەغاز لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 13% زیادیکردووە

test
لۆگۆی کۆمپانیای دانەغاز

کۆمپانیای دانەغاز راپۆرتی قازانجە گشتییەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند 13% قازانجەکەی زیادیکردووە و دەشڵێت، سەرەڕای ئاستەنگەکان بڕى بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن.

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ئاشکرایکرد، قازانجەکەى لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵ گەیشتووەتە 43 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەرێژەی 13% زیادیکردووە، لەهەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 38 ملیۆن دۆلار بووە.

سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆمپانیاکە زیادبوونی رێژەی قازانجەکانی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان گەڕاندووەتەوە.

ئەم قازانجەی کۆمپانیا ئیماراتییەکە، لە کاتێکدایە بەگوێرەی راپۆرتەکە، بڕی داهاتی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کەمیکردووە، بەجۆرێک گەیشتووەتە 91 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە سێ مانگی ساڵی رابردوو 97 ملیۆن دۆلار بووە، هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی داهاتیشی بۆ دابەزینی نرخی گاز لە میسڕ گەڕاندووەتەوە.

کۆمپانیا ئیماراتییەکە بە ئەرێنییەوە باس لە کارەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینیی بەرهەمهێنانی زیاتر لە داهاتوودا دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت،  "بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2025 بەڕێژەی 3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 39 هەزار و 650 بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەرهەمهێنانی گازیش لە کێڵگەکە گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە،  بەراورد بە ساڵی 2017 بەرێژەی 75% زیادیکردووە لە کاتێکدا بەرهەمی گازی کێڵگەکە لە دابینکردنی 75%ـی کارەبا بەشدارە".

کۆمپانیاى دانەغاز، ئاماژەى بەوەشکردووە، کارەکانی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە بەهێزی بەرەوپێش دەچێت و تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بڕی 250 ملیۆن پێ سێجای دیکە زیاد دەکەن، کە زیادبوونی 50%ـی رێژەی بەرهەمهێنانی گازە، هاوکات هەوڵدەدەن ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیتیش بەبڕی حەوت هەزار بەرمیلی رۆژانە و 460 تۆن لە گازی شلی ئێڵ پی جی زیاد بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای پێڕل پیترۆڵیۆم، دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی کێڵگەی چەمچەماڵ، کە هەڵکەندنی سێ بیر و دامەزراندنی یەکەیەکی تاقیکردنەوە لەخۆدەگرێت، کە بەگەورەترین کێڵگەی گازی عێراق دادەنرێت، کە هێشتا کاری تێدا نەکراوە، بەتێچووی 160 ملیۆن دۆلار، ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە تاوەکو نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو، 75 ملیۆن پێ سێجا، لە گازی ستانداردی رۆژانە  بەدەستبهێنێت.

سەرەڕای قازانجەکانی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکردووە تاوەکو 31ـی ئازاری 2025 بڕی 285 ملیۆن دۆلار قەرزدارە.

loading....