راوێژکاری باڵای خامنەیی: ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ئێران چەکی ئەتۆمی نییە

عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئەگەر تەواوی گەمارۆکان لەسەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن و دانبنرێت بە مافی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم ئەوا لەگەڵ ئەمریکا دەگەن بە رێککەوتن.
شەمخانی لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە کۆتایدا واشنتن باوەڕی بە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هێناوە، کە ئێران خاوەن چەکی ئەتۆم نییە.
راوێژکارەکەی خامەنیی گوتیشی، ئەمریکا و ئێران پێشووتر لەسەر ئەوە رێککەوتبوون دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێت و لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەش سنووردار بکرێت.
شەمخانی گوتیشی، ئێران و ئەمریکا رژدن لەسەر ئەوەی دانوستانەکان بەردەوامبن.
پێشتریش شەمخانی رایگەیاندبوو، ئەگەر هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوامبن ئەوا رەنگە دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و راگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسەکە و گواستنەوەی ماددە پیتێنراوەکان بۆ شوێنی ئارام و رانەگەیەنراو بکەوێتە بەرنامەی کاری ئێرانەوە.
قسەکانی شەمخانی لە کاتێکدایە بڕیاڕبوو شەممەی رابردوو خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکە لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت بەڵام دواخراو تاوەکو ئێستاش دیار نییە کەی دەستپێدەکاتەوە.