سووريا: قەتەڕ مووچەی کەرتی گشتييمان بۆ دابيندەکات

وەزيری دارایی سووريا رايگەياند، قەتەڕ یارمەتی حکومەتی وڵاتەکە دەدات بۆ پێدانی مووچەی کەرتی گشتی بۆ سێ مانگی داهاتوو. گوتيشی، "ئەمريکا ئاسانکاری بۆ گەياندنی هاوکارييەکە دەکات".
محەممەد بارنیە، وەزیری دارایی سووريا لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە ، "حکومەتی قەتەڕ 29 مليۆن دۆلاری بۆ هەر مانگێک و بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مووچەی کەرتی گشتی سووريا تەرخانکردووە".
گوتيشی، "پارەکە بۆ مووچەی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کاروباری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی مەدەنی تەرخاندەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە لە سزاکانی ئەمریکا بەدەرکراوە، سوپاسی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بۆ ئاسانکاريکردن بۆ گەياندنی هاوکارييەکان.
بارنیە، هیوای خواست ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی بەهێزکردنی متمانە و هەنگاوی ديکەی بەدواوەبێت بەئاراستەی کەمکردنەوەی سزاکان.
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەيەکەوە رايگەياند، قەتەڕ تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ دابینکردنی بودجە بۆ حکومەتی سووريا بەمەبەستی زيادکردنی مووچەی کەرتی گشتی.
بارنیە گوتی، "ئەو هاوکارييە لە رێگەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و یەک لەسەر پێنجی پارەی مووچە پێکدەهێنێت".
بەشێک لە حکومەتە رۆژئاواییەکان سزاکانی سەر سووریایان سووک کردووە، بەڵام واشنتن رایگەیاندووە، کە ئەو کارە ناکات تا ئەو کاتەی بەرەوپێشچوونی زياتر دێتەئاراوە و دڵنيادەبێتەوە لە مامەڵەکردنی حکومەتی نوێی سووريا لە دژی تيرۆر.
رۆژی چوارشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری حکومەتی راگوزەری سووريا، لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەوروپا گوتی، بەردەوامی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆسەر وڵاتەکەی ناڕەوایە.
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا داوای کرد وردە وردە سزا ئابوورییەکانی ئەوروپا هەڵبگيرێت، بەو مەرجەی دەسەڵاتی سووريا وڵاتەکە سەقامگير بکات.