پەنابەرانى دیپۆرتکراوە باس لە گەڕانەوەیەکی تاڵ لە ئەوروپاوە دەکەن

خەونی محەمەد جەلال بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر لە وڵاتێکی ئەوروپا لەبارچوو. محەمەد جەلال 10 ساڵی ژیانی لە کەمپى پەنابەرەکانی ئەڵمانیا بەسەربرد، تاوەکو مافی هاوڵاتیبوون بەدەستبهێنێت، بەڵام محەمەد سەرکەوتوو نەبوو.
ئەو نەک تەنیا نەیتوانی مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنێت، بەڵکو لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە سلێمانى.
محەمەد جەلال پەنابەری گەڕاوە لە ئەوروپا دەڵێت، "ئێستاش حەز دەکەم لەوێ بژیم، هەموو مانگێک لە کەمپەکە 338 یۆرۆم پەیدا دەکرد، ئەمەش بڕێکی کەم نییە بۆ من، تاوەکو ئێستا بۆچوونم وایە ژیان لەوێ باشتر بوو، لێرە نەکارم هەیە نە داهات".
محەمەد جەلال یەکێک لەو هەزاران پەنابەرانەى کە خەڵکى هەرێمى کوردستان و عێراقن بەر لێشاوی توندکردنەوەی سیاسەتی پەنابەرانی وڵاتانی ئەوروپا کەوتوون، هۆکارەکەشی گۆڕانی دەسەڵاتە بە ئاڕاستەی راستڕەوەکان.
لەگەڵ هەموو ئەم رێکارانەش ئەو پەنابەرانەی گەڕێندراونەتەوە دەڵێن، ئێستاش چانسێکیان لەبەردەمدا بێت دەگەڕێنەوە ئەوروپا.
محەمەد جەلال پەنابەری گەڕاوە لە ئەوروپا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ئەگەر بتوانم دەگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا، دەبم بە هاوڵاتییەکی یاسایی و لە ریستۆرانتێکی کوردی کار دەکەم و هیچ کێشەیەکم بۆ دروستنابێت و پشت بە مووچەی حکومەت نابەستم، ئەگەر وەڵامم وەربگرتایە لە حکومەتی ئەڵمانیاوە راستەوخۆ کارم دەدۆزییەوە و پێویستم بە پاڵپشتی حکومەت نە دەبوو".
کۆمەڵەی بێسنووری ئەڵمانیا لەماوەی رابردوو خشتەی ئەو گەشتانەی ئاشکراکردووە، کە لەرێگەیانەوە پەنابەران بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام پرۆسەکە بەشێوەیەکی نهێنییە.
ئەو پەنابەرانەی ئەو بڕیارەیان بەسەردا سەپێندراوە، داوای دابینکردنی چانسی کارکردن و بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر دەکەن.
هەردی ئەحمەد پەنابەرێکی دیکەی گەڕاوە لە ئەوروپا و دەڵێت، "بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمى کوردستان و عێراقیشە، کە چانسی کارکردن دروستبکات و پاڵپشتی گەنجەکان بکات، ئەگەر لەوە شکستبهێنن ئیتر گەنجەکان هیچ هەڵبژاردەیەکیان لەبەردەست نابێت، دەبێت دامەزراندن هەبێت، ئەگەر نا گەنجەکان ناچاردەبن بچنە ئەوروپا" .
بەگوێرەی کۆمەڵەی بێسنووری ئەڵمانیا، لە مانگی ئازاردا دوو گەشت لە فڕۆکەخانەکانی فڕانکفۆرت و هانۆڤەرەوە بۆ بەغداد کراون، بڕیارە لە 13ـی ئایاری داهاتووش، گەشتێکی دیکە لە دوسوڵدۆرفەوە بۆ بەغداد بکرێت و ژمارەیەک پەنابەری دیکە دیپۆرت بکرێنەوە.