ساسان عەونی: بۆ وەرگرتنى زەوى وردبینى لە لیستی 40 هەزار خانەنشیندا دەکرێت

test
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و بۆ وەرگرتنى زەوى وردبینى لە لیستی 40 هەزار خانەنشیندا دەکرێت. راشیگەیاند، 70%ـى کارەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانى تەواو بوون و هەوڵدەدرێت لە چوار مانگی داهاتوودا بەشێکی شەقامەکە بکرێتەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارلە میانى بەشداری لە پێشانگەی گەشتیاریی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست "میتێكس" لە هەولێر و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و کۆتا لیست، کەماوە لیستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینانە، کە وردبینی بۆ نزیکەی 40 هەزار ناوی خانەنشینان دەکرێت".

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەشکرد، رێکارەکانی دیکە، کە بۆ دابەشکردنی زەوى بەسەر فەرمانبەراندا ماون، پەیوەستە بە سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی و ئەوانیش لەگەڵ وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتەکە وەک وەزارەتی کوشتوکاڵ، کارەکانیان بەردەوامە.

هەروەها لە بارەى شەقامى 100 مەتریى سلێمانییەوە، رایگەیاند، 70%ـى قۆناغى یەکەمى شەقامەکە تەواو بووە و هەوڵدەدرێت لە چوار مانگی داهاتوودا ئەو بەشەی کە لە تاسلوجەوە دەڕواتە عەربەت بکرێتەوە.

پرۆژەی شاڕێ (ئۆتۆبان)ـی بابان یاخود شەقامى 100 مەترى سلێمانى، لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەمی لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لە نزیك شارۆچكەی عەربەت.

ئۆتۆبانی بابان لە چوار سایدی هاتن و رۆشتن، حەوت یەكتربڕی دوو ئاستی و پێنج ئەندەرپاس پێکدێت.

جگە لەوانەش لە پرۆژەکەدا 67 رێڕەوى کۆنکرێتی بۆ رێگری لە کۆبوونەوەی باراناو دروستدەکرێن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەکە بە گرنگ و ستراتیجى ناودەبات و بڕیاربوو لە ماوەی هەزار و 100  رۆژدا تەواو بكرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا قۆناغى یەکەمیشى تەواو نەبووە.

loading....