بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان فۆرمی خۆراک لە هەڵەبجە بە ئەلیکترۆنى دەکرێت

بەئەلیکترۆنیکردنى پسوڵەى خۆراک لە پارێزگاى هەڵەبجەوە وەک یەکەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد و ماوەى مانگێک دەخایەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـى ئایار، لیژنەیەکی وەزارەتەکانی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەیان کرد و دەستپێکى پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراکیان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت پاش پێشوازیکردنی لە لیژنەکەی بەغداد و هەولێر و تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جەختکیردەوە لەسەر گرنگیی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە، کە سەر بە حکومەتی فیدراڵن.
ئەیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کە سەرۆکایەتیی لیژنەکەی بەغدادی دەکرد، گوتی، "وەک رێزێک بۆ هەڵەبجە و پێگەکەی لەپارێزگاکەوە دەست بە پرۆسەکە دەکەن کە سێ قۆناغە و پرۆسەکەش لە پارێزگای هەڵەبجە ماوەی مانگێک دەخایەنێت".
هاوکات نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانیى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، داواى لە هاونیشتمانییان کرد لە پرۆسەکە بەشداربن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە. گوتیشى "ئەوەی بەشداری ئاپەکە نەبێت ئەوا لە ئایندەدا پسوڵەى خۆراکی رادەگیرێت تاوەکو ئەوکاتە پسوڵەکەی دەکرێتە ئەلیکترۆنى".