وەزیرانی دەرەوەی ئێران و هیندستان لە نیودەلهی کۆبوونەوە

test
سەردانی عەباس عێراقچی بۆ نیودەلهی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوبرامانیام جایشانکار وەزیری دەرەوەی هیندستان

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری لەگەڵ سوبرامانیام جایشانکار وەزیری دەرەوەی هیندستان کۆبوونەوە و پرسە دووقۆڵییەکان و گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستانیان تاوتوێکرد.

بە گوێرەی میدیایی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی هیندستان سەردانی عێراقچی بۆ هیندستان بە گرنگ زانیوە راشیگەیاندووە، وڵاتەکەی بە دوای تەشەنەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ پاکستان نییە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە بارەی سەردانەکەی بۆ هیندستان رایگەیاند، ناوچەکە پێویستی بە ئارامی زیاترە و داوای لە وڵاتانیش کرد دان بە خۆیاندا بگرن و رێگری لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان بکەن.

جایشانکار گوتووشیەتی، وڵاتەکەی وەڵامی هێرشێکی تیرۆرستی داوەتەوە دەشڵێت، ئەگەر هێرشی سەربازی بکرێتە سەریان ئەوا وەڵامدانەوەی هێرشەکە هیچ گومانێکی تیادا نییە.

لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان هیندستان و ئێران جایشانکار گوتوویەتی، لەم ساڵانەی دوایدا لە بوارە جیاوازەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بەرەو پێشچووە،گوتیشی، پرس و بابەت گەلێک هەن لە نێوانیان دەبێت چارەسەر بکرێن.

لە دوای کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن  لە نێوان هەردوو  وڵات لە بواری تەندروستی و بازرگانی واژۆکرا.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران درەنگانی دوێنی چوارشەممە گەیشتە هیندستان لەگەڵ گەیشتنی بە هیندستان  بە میدیاکانی راگەیاند، سەردانەکەی ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ داناوە ئامانجیش لێی دروستکردنی کۆمسیۆنێکی هاوبەشی ئابوورییە لەنێوان نیودەلهی و تاران.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکانی نێوان نیودەلهی و ئیسلام ئاباد کە لە 22ـى نیسانەوە دەستیپێکردووە و بەرەبەیانی چوارشەممەش هیندستان بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی پاکستانی کرد .

loading....