هەبەرتورک: ئەردۆغان گوتوویەتی ئەمڕۆ بێت یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت

test
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا. فۆتۆ: AA

تەلەڤزیۆنی هەبەرتورکی نزیک لە دەسەڵات بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپاتی، رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارانی پارتەکەی لەبارەی ئەو پرۆسەیەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە گوتوویەتی، "هەموو رێگرییەکانمان تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە."

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا کە لە بارەگای سەرەکی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچووە، بە وەزیر و پەرلەمانتارانی گوتووە، "پاش چەکدانانی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێ و قۆناغێکی نوێ بۆ هەموومان دەستپێدەکات، ئەو کاتەش ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر گۆڕەپانی سیاسی."

تەلەڤزۆنەکەی نزیک لە دەسەڵات باسی لەوەشکردووە، ئەردۆغان لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەوە هۆشداری داوە و گوتوویەتی، "دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین هەندێک لایەن هەوڵبدەن سوود لە پرۆسەکە وەربگرن و پێویستە خۆمان بۆ ئەو دۆخە ئامادە بکەین، چونکە پرۆسەیەکی قورسمان لەبەردەمدایە و منیش متمانەم بە وەزیر و پەرلەمانتاران هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە."

رۆژی چوارشەممە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە پاش کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان لە بارەگای پارتەکەی رێکیخست رایگەیاند، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە، پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بکرێت چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.

گوتەبێژی ئاکپارتی، گوتیشی "هەر هەنگاوێکی بەرجەستە کە لەلایەن پەکەکەوە دەربارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بنرێت، پێشوازی ئەرێنیی نوێ و هەنگاوی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر گرنگە پەکەکە بە زووترین کات بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان رابگەیەنێت.

هەر رۆژی چوارشەممە محەمەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا کە عەلی باباجان سەرۆکایەتیی دەکات بە کەناڵ8ـی راگەیاند، زانیاریی بەهێز هەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان، کۆتایی هەفتەی رابردوو کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەکەکە لەو بارەوە هیچ شتێکی ئاشکرانەکردووە.