ترەمپ: تواناى کەمکردنەوەى باجی گومرگیمان لەسەر چین هەیە

test
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تواناى کەمکردنەوەی باجیان لەسەر چین 145% بۆ 80% هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە دانوستانەکانى پەکین و واشنتن بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لە سویسرا ئەنجام بدرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لە تۆڕى تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەرۆکی تیمی دانوستانکاری واشنتن دەبێت، کە ئەم هەفتەیە لەگەڵ هێ لایفنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین لە جنێڤ کۆدەبێتەوە.

هاوکات، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژى کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکى ئەمریکا "بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو باجانەی بەسەر چیندا سەپێندراوە کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەبێت ئەمریکا سوودى ئابوورى بە دەستبهێنێت".

ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتاى مانگى نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بڕیاریدا باجى زیادە بەرێژەى 10% بۆ 49% بخاتەسەر کاڵاى هاوردە بۆ ئەمریکا، جیاواز لە وڵاتانى جیهان، چین لە کاردانەوەى بڕیارەکانى ترەمپ بڕیاریدا 34% باج بخاتە سەر کاڵاى ئەمریکى.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ باجى سەر كاڵاى چینى بۆ 104% زیاد کرد، چین بەهەمان شێوە باجى لەسەر ئەمریکا بۆ 85% زیاد کرد، جارێکى دیکە ترەمپ باجى گومرگى بۆ 145% بەرزکردەوە و چین وەڵامى دایە و باجى گومرگى لەسەر کاڵاى ئەمریکى بۆ 125% زیادکرد.

loading....