خەتەر، راپەری کورد گیانیلەدەستدا

کەناڵ8 09/05/2025
test
راپەری کورد، ژیوار حاجبی'خەتەر'

میدیاى ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، ژیوار حاجبی، راپەری کورد، ناسراو بە "خەتەر" لەناو ماڵەکەى خۆی لە شارى کۆڵنى ئەڵمانیا لە تەمەنى 43 ساڵیدا گیانیلەدەستداوە.

خەتەر، لە شارى سنەى رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە و لە منداڵیدا لەگەڵ دایک و باوکی روویان لە ئەڵمانیا کردووە، هاوسەر و پێنج منداڵی هەیە.

رۆژنامەى بێڵدى ئەڵمانى بڵاویکردووەتەوە، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، هونەرمەندى راپەر، خەتەر گیانیلەدەستداوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری مردنەکەى دیار نییە.

داواکاری گشتیی شاری کۆڵن، مردنى خەتەرى بۆ میدیاى وڵاتەکەى پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هونەرمەندەکە لە 8ـى ئایار لە کاتژمێر 18:30 لە شوقەیەکی شارى کۆڵن بە مردوویی دۆزراوەتەوە.

داواکارى گشتیى کۆڵن باسى لەوەشکردووە، پشکنینی جەستەیی بۆ هونەرمەندەکە کراوە و هیچ نیشانەیەکی توندوتیژی بە جەستەیەوە نەبووە، ئەنجامی راپۆرتی کۆتایی هۆکارى گیانلەدەستدانیشى لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.

خەتەر لە زینداندا ئەلبوومێکی گۆرانى راپى تۆمارکرد و  لەساڵى 2022شدا ژیانى کرا بە فیلم و ناوى لێنرا راینگۆڵد کە لە کتێبى ژیاننامەى خۆیەوە وەرگیرابوو، ئەو کات و لە یەکەم نمایشی فیلمەکەدا لە شاری کۆڵن رایگەیاند، "چیتر من تاوانکارێک نیم".

خەتەر شەش ئەلبوومی گۆرانی و  ژمارەیەک گۆرانیی دیکەى بە جیا بڵاوکردووەتەوە، جگە لە دروستکردنى ژمارەیەک فیلمى سینەمایی.

خەتەر، هونەرمەند و سەرمایەدار بوو و لەسەر ئاستى ئەڵمانیا بەناوبانگ بوو و گۆرانییە راپەکانى بە زمانى ئەڵمانى بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەى میدیاى ئەڵمانیا، مردنەکەشى لەناو هونەرمەندان و لایەنگرانى هونەرى هیپ هۆپدا شۆکهێنەربووە.

09/05/2025
loading....