وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سعودیە و قەتەڕ دەکات

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، سبەی 10ـی ئایار سەردانى سعودیە و قەتەڕ دەکات.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، عێراقچی سەرەتا دەچێتە ریازی پایتەختی سعودیە و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دەکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەو دوو وڵاتەی کەنداو، رۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئەمریکایە کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 11ـی ئایار لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.
ئیسماعیل بەقائی بێ ئەوەی وردەکاریی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە ئاشکرابکات دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات کۆدەبێتەوە و جەختیشیکردووەتەوە، سیاسەتی وڵاتەکەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ دراوسێکانی.
سەردانەکەی عێراقچی بۆ سعودیە و قەتەڕ لەکاتێدایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی چەند رۆژە بگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.