عێراق دەستی بەسەر 15 ئۆتۆمبیلى خوار مۆدێلدا گرت

دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ئەمرۆ هەینى رایگەیاند، دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێلدا گیراوە کە دەستکارى ژمارەى لاشەکانیان کراوە و هەوڵدراوە لە بەندەرى ئوم قەسرەوە هاوردەى عێراق بکرێن.
عەلائەدین قەیسى گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند، دەستەکەیان بەردەوامە لە کارەکانى بۆ رێگریکردن لەو ئۆتۆمبێلانەى خوار مۆدێلن و بەگوێرەى یاسا نابێت هاوردەبکرێن.
گوتیشى، 15 ئۆتۆمبێلیان لەبەندەرى ئوم قەسر دەست بەسەرداگرتووە کە لەجۆرى جیاوازن، هاوردەکردنیان قەدەغەیە، نابێت هاوردەبکرێن و دواى دەستبەسەرداگرتنیان دەرکەوتووە کە دەستکارى ژمارەى لاشەى ئۆتۆمبێلەکان کراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دواى دەستبەسەرداگرتنیان ئۆتۆمبێلەکان رەوانەى بنکەى پۆلیسى گومرگ کراون بۆئەوەى رێکارى یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.
لە ساڵی2021 وە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ، رێگە بەو ئۆتۆمبێلانە نادرێت هاوردەبکرێن کە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر مۆدێلەکانیاندا تێپەڕیوە.
لەهەرێمى کوردستانیش ژمارەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتا و خوار مۆدێل و تۆمارنەکراوەکان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندان و پێشتریش رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ رایگەیاندبوو، کە لە شارەکانى ترى عێراقەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوردەى هەرێمى کوردستان کراون.