بيڵ گەيتس تاوەکو 20 ساڵی ديکە هەموو سامانەکەی دەبەخشێت

test
بيڵ گەيتس، دامەزرێنەری کۆمپانيای مايکرۆسۆفت

بيڵ گەيتس دامەزرێنەری کۆمپانيای مايکرۆسۆفت پلانێکی بۆ بەخشينی 200 مليار دۆلار لە ماوەی 20 ساڵدا راگەياند، کە بە نزيکەی تەواوی سامانەکەی دەکات.

ئەم هەنگاوەی گەيتس دوای ئەوە دێت کە ئيدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا هاوکارييە دەرەکييەکانی بڕيوە کە بەشێکی زۆری بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی و قاتوقڕی سودی لێوەردەگيرا.

گەيتس لە بڵاوکراوەيەکيدا لە وێبسايتی فەرمیی خۆی نووسيويەتی، دەیەوێت کارەکانی دامەزراوەکە بە ئاراستەی تەندروستیی جيهانی و يەکسانی خێراتر بکات و هیوادارە ئەم هەنگاوە ببێتە نموونەيەک بۆ ملیاردێرەکانی دیکە.

گەيتس رەخنەی توندیشی لە ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترين پياوی جيهان و راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمريکا گرتووە و تۆمەتباری کردووە بە کوشتنی هەژارترین منداڵەکانی جیهان لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هاوکارييە دەرەکییەکانی ئەمریکا.

بيڵ گەيتس لە ساڵی 2000 لەگەڵ مێليندای هاوسەری پێشووی، دامەزراوەی گەيتسيان دامەزراند، پلانی کارکردنيان بەجۆرێک بوو دوای چەندين دەيە لە مردنيان بەردەوامبێت لە کارەکانی، بەڵام ئێستا دامەزرێنەری مايکرۆسۆفت پلانی هەيە تاوەکو ساڵی 2045 سامانەکەی ببەخشێت و دامەزراوەکە دابخات.

گەیتس کە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەمەنی دەبێتە 70 ساڵ، دەڵێت "کاتێک دەمرم خەڵک زۆر شت لەسەر من دەڵێن، بەڵام من بڕیارم داوە کە يەکێک لەو شتانەی لەسەرم دەڵێن ئەوە نەبێت بڵێن "بە دەوڵەمەندی مرد".

باسی لەوەشکردووە "ئەو پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە زۆرێک لە ئامانجەکانی، وەک بنبڕکردنی نەخۆشییەکانی وەک  ئیفلیجی منداڵان و مەلاریا و رێگریکردن لە مردنی ژنان و منداڵان و کەمکردنەوەی هەژاری لە جيهاندا.

loading....