دادگاى فیدراڵى رەتیکردەوە فەرمانێکى سالارى دژى یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە دەربکات

test

دادگاى باڵاى فیدراڵىى عێراق، رەتیکردەوە فەرمانێکى سالارى دەربکات بۆ راگرتنى رێکارەکانى یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە.

دادگاى باڵاى فیدراڵى رۆژى شەشى ئایار کۆبووەتەوە و دادبینى بۆ داواکارى پێنج ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى کردووە کە داوایان لە دادگا کردووە فەرمانێکى سالارى دەربکات بۆ راگرتنى رێکارەکانى یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە تاوەکو ئەوکاتەى دادگا سکاڵاى تۆمارکراو لەبارەى شەرعییەتى دانیشتنى پەسەندکردنى یاساکە یەکلادەکاتەوە.

دادگاى باڵاى فیدراڵى بە نووسراوى ژمارە 68ـی فیدراڵى وەڵامى پەرلەمانتاران"محەمەد خەفاجى، حەیدەر موتێرى، باسم غەرابى، مستەفا گەرعاوى و نفوز حسێن موسەوى" داوەتەوە و رەتیکردووەتەوە فەرمانى سالارى لە دژى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و دوو جێگرەکەى دەربکات و رێکارەکانى یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە رابگرێت تا ئەوکاتەى دادگا سکاڵاى تۆمارکراو لەسەر شەرعییەتى دانیشتنى رۆژى  14ـی نیسانى ئەنجوومەنى نوێنەران کە یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجەى تێدا پەسەندکرا یەکلادەکاتەوە، بەو پێیەى لە دانیشتنەکەدا ژمارەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون و سکاڵا لەسەرکراوان سەرپێچى ماددە دەستوورییەکانیان کردووە.

دادگاى فیدراڵى بەدوو خاڵ هۆکارى رەتکردنەوەى داواکەى روونکردووەتەوە، یەکەم، داواکارییەکە سیفەتی بەپەلەى تێدانییە، دووەم ئەگەر بڕیار بدات دەبێتە راى پێشوەختە لەسەر سکاڵاى تۆمارکراو.

رۆژى 14ـی نیسان ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پرۆژەیاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجەى پەسەندکرد و رۆژى 29ـی نیسان سەرۆککۆمار یاساکەى پەسەندکرد.

loading....