سوپای پاکستان ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ وەڵامدانەوەى هیندستان دەستپێکرد

سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکانى هیندستان دەستپێکرد و هێرشیکردە سەر ژمارەیەک پێگەى سوپای هیندستان.
سوپای پاکستان ئۆپراسیۆنەکەی ناوناوە "بونیان مەرسوس" و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان تۆڵەکردنەوەن و شوێنەکانی هەڵگرتنی موشەکی براهمۆس و بنکە ئاسمانییەکانی هیندستان لە پاسانکۆت و ئودامپور کراونەتە ئامانج.
سەرچاوە سەربازییەکانی پاکستان رایانگەیاندووە، سوپای ئیسلامئاباد لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەدا 36 ئامانجی جیاوازی لە هیندستان بۆردوومانکردووە.
هەورەها گوتەبێژی سوپای پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایکرد، هیندستان موشەکی ئاراستەی سێ بنکەی ئاسمانیی پاکستان کردووە بەڵام بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی زۆرینەی موشەکەکانی تەقاندووەتەوە.
جەنەڕاڵ ئەحمەد شەریف لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک موشەک ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پەنجابیان پێکاوە و جەختیشیکردەوە کە "هەموو بنکە و کەرەستەکانی هێزی ئاسمانیی پاکستان سەلامەتن".
_