ئەحمەد تورک: باخچەلی بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لێکردم

test
ئەحمەد تورک

ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئاشکرایکرد، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بەبۆنەى ئەنجامدانی کۆنگرەکەی پەکەکەوە پیرۆزبایی لێکردووە.

ئەحمەد تورک، لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی کەناڵی خەبەرتورک، ئاماژەی بەوەکرد؛ دەوڵەت باخچەلی بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە کردووە و "هیوای خواستووە پرۆسەکە خێربداتەوە و پیرۆزبایی لێکردن. ئەویش پیرۆزبایی لێکرد و رێز لە هەوڵ و ماندووبوونی دەگرێت".

ئەحمەد تورک دەشڵێت، لەگەڵ باخچەلی لە تەندروستیی یەکتریان پرسیوە و بە باخچەلى گوتووە، یەکێکە لە ئەندازیارە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە و سوپاسی کردووە".

ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی دەشڵێت: "بانگەوازەکەی باخچەلی لەم قۆناغەدا مەترسییەکی گەورە بوو. بەڵام گرنگە ئەو ئیرادەیەی پیشانداوە و قوربانیی داوە بۆ بەدیموکراتیزەکردنی ئایندەی تورکیا".

ئەحمەد تورک ئاماژە بەوەشدەکات، رۆڵی مکوڕی عەبدوڵا ئۆجەلانیش ئێجگار گرنگە و دەڵێت: "باوەڕى وایە سەرجەم پارتەکان ئەو ئەرکە جێبەجێدەکەن کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکەوێتە ئەستۆیان".