کشتوکاڵی عێراق: هەڵمەتی لەناوبردنی مێرووی گەنە بێبەرامبەرە و مانگێک دەخایەنێت

test
رشاندنی قڕکەری دژە گەنە لە عێراق. فۆتۆ: AFP

کەناڵ8- سلێمانی

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت هەڵمەتی لەناوبردنی مێرووی گەنە بە رشاندنی قڕکەری تایبەت بێبەرامبەر لەلایەن حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت و مەبەست لێی رێگریکردنە لە تای خوێنبەربوون.

میساق عەبدولحسێن، بریکاری هونەریی وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق، کە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت "هەڵمەتەکەمان مانگێکی تەواو دەخایەنێت بە بەکارهێنانی قڕکەری کاریگەری لەناوبردنی گەنە، هاوکات لەگەڵ رشاندنی قڕکەرەکەدا هەڵمەتێکی هۆشیاکردنەوە بۆ خاوەن ئاژەڵەکان ئەنجامدەدەین و تێیدا هانیان دەدەین بۆ رشاندنی قڕکەر و شوشتنەوەی ئاژەڵەکانیان لەماوەی چالاکیی گەنەدا، کە مێرووی گوازەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە".

بەرپرسە عێراقییەکە لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتووشیەتی "فەرمانگەی ڤێتەرنەری لە وەزارەتەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامیشە لە چاودێریی بازاڕ و سنووردانان لەبەردەم فرۆشتنی گۆشتی نەپشکنراو و ئاژەڵی سەربڕراو لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان".

میساق عەبدولحسێن ئەوەشی گوتووە کە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵی عێراق هەیە بۆ چاودێریی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بە رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و زاڵبوون بەسەر هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و یەکێکە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان، واتە ئەو نەخۆشییانەی کە بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە ئاژەڵە تووشبووەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵانی دیکە و بۆ مرۆڤ؛ دواتریش لەنێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێتەوە.

ساڵی 1979، بۆ یەکەمین جار لە بەغداد، تای خوێنبەربوون لە خانمێکی تەمەن 24 ساڵدا دەستنیشانکرا؛ لەو خانمەشەوە گوازراوەیە بۆ پزیشک و کارمەندێکی تەندروستی کە راستەوخۆ چاودێریی تەندروستیی چارەخوازەکەیان دەکرد؛ پاشان هەرسێکیان گیانیانلەدەستدا.

هەر لە هەمان ساڵدا لە عێراق حەوت حاڵەتی دیکەی نەخۆشییەکە تۆمارکران.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1980، لە شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.

لە ساڵی 2021ەوە، ژمارەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان روویان لە هەڵکشان کردووە؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2021دا 33 حاڵەت تۆمارکراون و 13یان گیانیان لەدەستداوە. دواتر لە ساڵی 2022دا 167 حاڵەت تۆمارکراون و 27 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی 2023 لە سەرتاسەری عێراقدا 545 حاڵەت تۆمارکران کە 70ـیان گیانیان لەدەستدا. ساڵی رابردوو 211 حاڵەت تۆمارکران کە 26ـیان گیانیان لەدەستدا.

لەمساڵیشدا تاوەکو 10ـی ئایار، بەگوێرەی گوتەی وەزیری تەندروستیی عێراق، 54 حاڵەتی تووشبوون و هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە لە عێراق تۆمارکراون.